📕دوانه‌ی سووره‌وان.( به‌شی دوو)
✍️عابید حسەینی
🔸کاتی گوندێك به‌ره‌و كۆتایی وه‌رزی هاوین په‌لی ده‌كێشا .شه‌و زرنگابوه‌وه، زه‌رده‌ی پواری كه‌ژ و لاپاڵی ئاوایی تێكه‌ڵی گرشه‌ی مانگه‌شه‌وی ئاسمانی ساماڵ ساو ببوو. وریشه‌ی تۆپزه به‌رزه به نه‌شه‌كه‌ی پانتایی مابه‌ین سێ كێوی سه‌ركه‌شی به‌رده‌سوور،ته‌پ خله و تاقه‌دار، وره‌ی ده‌دا به خه‌ڵكی ئاوه‌دانی. پیاوانی شه‌كه‌ت و میرمنداڵانی ڕووته‌ڵه‌ی دێ، دوای شێو كردن، بۆ بێ تا‌قه‌تی ده‌ركردن و ده‌ربازبوون له گه‌رمای هاوین به‌ره‌و به‌رحه‌وزی ئاوایی گلۆر ده‌بوونه‌وه. ده‌چوونه باسی گه‌رمه‌ی ئه‌رك و مه‌یه‌نه‌تی ڕۆژانه و له‌شی بێ ئه‌نوایان ده‌سپارده به‌ر خه‌رمانه‌ی به‌شه‌وقی چه‌تری خودایی.
🔸منداڵه بزۆزه بۆرتاڵه‌كان، خڕۆ بوونه‌ته‌وه، ده‌بینه دوو ده‌سته بۆ گه‌مه‌ی فیكه‌له‌كون. دوایی ناساندنی دوو كه‌س وه‌ك سه‌رباشقه، دوان دوان ده‌چین بۆ شه‌نگه‌شه‌له و دوو ناو له قامكه‌كانی شاده و باڵابه‌زره ده‌نێین و دینه‌وه لای سه‌رگه‌مه‌وانه‌كانمان. یه‌كێكمان قامكه ڕادێنی و دوو ناوی گۆڵمزانه‌مان هه‌ڵبژارده وه‌ك كالیار و ترۆزی. دەس له سه‌رشان به‌حه‌لواشه‌قێ، یه‌ك پا به حه‌واوه و به گاڵته ده‌مان وت به سه‌رباشقه‌كانمان:" كالیار و ترۆزی، زوو د‌نكێ بێژه ئه‌ینا ده‌قۆزی!" به گاڵته‌بزه هه‌ركامان ده‌بووینه ده‌سته‌ی سه‌رۆكێك و كایه داده‌مه‌زرا.به‌ردێكی جه‌غز شێوه‌ی ساو لووسمان په‌یدا ده‌كرد، له سه‌ر لایه‌كی تفمان تێ ده‌ساوی و ده‌مان وت ئه‌و لایه یانی خه‌ت، به شێر و خه‌ت هه‌ڵخستنێك تاقمێك له حه‌شارگه ده‌مانه‌وه و ده‌سته‌ی دووهه‌م به‌ره‌و خۆشاردنه‌وه له كه‌ل و كونی ئاوایی‌دا به په‌ناپسكێ و مله‌تاتكێ و گورگه‌ئاوڕ ده‌ئاژوین. ده‌سته‌ی ڕاوه‌ستاو له‌حه‌شارگه ماتڵی ده‌نگی قێڕانی بێێێێێێێێنۆ، ده‌بوون و گوێقوڵاخ ده‌وێستان بۆ فیکە!
خۆمان له باره‌نازی كادێنێكا بێ چركه مڵاس داوه و گورپزمان كرده. متقمان له خۆ چنیوه. زه‌ڵه‌ی دۆزێنه‌ره‌وه‌كان نزیكه. یه‌ك دوانێكمان خۆیان گه‌یاندوه‌ته نێو قه‌ڵاغه‌ته‌پاڵه و ده‌ركه‌یشیان گه‌مڕه‌چن كردوه.ورته‌ورت لێمان نزیك ده‌بنه‌وه له‌پڕ دانه‌ێكیان جووته پا خۆی ده‌هاوێته نێو كادین و به فیكه‌یه‌ك و هه‌ڵبه‌زینه‌وه و مرقه‌مرق دوو قامكه‌ی ده‌خاته لێوی و پڕ به ئاوایی ده‌فیشكێنێ، یانی :وه‌ره‌ن ئه‌مه‌تان دۆزیانمه‌وه. فڕكە فڕك خۆیان ده‌گێنن و ئابڵووقه‌مان ده‌ده‌ن. هه‌موو له نێو كا و كۆتدا به خۆتكاندن دینه ده‌ره‌وه. ده‌مان ژمێرن. هێشتا دوانمان دیار نییه و ده‌بێ بدۆزرێنه‌وه. كه‌ل و كون و ده‌ورووبه‌ر و لاپاڵ و په‌ناو په‌سا و بنه‌هه‌رزاڵ و ژێر چه‌په‌ر هه‌ڵده‌درێته‌وه. هاجه‌ره شۆڕێ لێمان ده‌گوڕێنێ:" كوره عمرتان نه‌مێنی ئه‌وه خاوه‌نتان نییه ئه‌و بن بان و لاشیپانه‌تان هاورده خواره‌وه!!" هه‌ڵكێشی لێ تووند كردوه و به كوڵه‌دارێك بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ. به تریقانه‌وه و ڕمبازێن خۆمان دوور ده‌خه‌ینه‌وه. چاوێك له‌من ده‌كا و ده‌ڵێ:" ئمممممم ! ئه‌ی كوڕه قورعان خوێنه‌كه‌ی خه‌ڵیفه. تۆیش به‌رت لێبه‌ڕه‌ڵا بوه. شه‌رت بێ بڵێم به باوكت!" حه‌زی كایه‌م فسی ده‌نیشێته‌وه و دڵه‌خورپه دامی ده‌گرت. پێم وابێ قورعان ئه‌وكی گرتم .منداڵه‌كان به‌جێ ده‌هێڵم و به‌ره‌وماڵه‌وه تێی ده‌ته‌قێنم. نه‌مدیبوو و بیریشم نایەت به سه‌ر ئه‌و هه‌موو بزۆزی وناڕه‌سه‌نیه‌دا باوكم لێمی دابێت، ته‌نیا ڕه‌وتێك و كاردانه‌وێكی هه‌بوو. بیرم دێت كاتێ مێشێنمان ده‌كرد.له سه‌ر مه‌ڵا بوون و قڕه‌بوون شه‌ڕمان ده‌بوو. سه‌ره پیپسیمان دانابوو و كردبوومانه میت و كه‌لابه‌ردی خڕ و ته‌خته‌ی تاشراوی مێشێنی چاك. په‌نجكیلۆیه‌كمان پڕ كردبوو له سه‌ره پیپسی، ئه‌وه‌نده خۆمان به ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌زانی شامان به تڵپاتی ته‌ڕ حیساب نه‌ده‌كرد.دایم و درهم له حه‌یوه‌ت یه‌ك سه‌رپیپسیمان قاییم ده‌كرد. هه‌ركات بانگی ئێواره ده‌هات ده‌نگی زوڵاڵی خه‌ڵیفه ئاوای ده‌ته‌نی و شه‌پۆلی سه‌ڵای ڕۆژانی هه‌ینی و شێعری ئه‌حمه‌دی كۆڕ ده‌ڕژایه هه‌ناوی زه‌ڵه‌زه‌ڵی ئێوارانی گوند و بۆ ساتێك خه‌ڵك گوییان بۆ چێژی ده‌نگه‌كه هه‌ڵده‌خست كه ته‌نیا نوت و موسیقی خۆشی ئاوایی بوو. من بیری باوكم ده‌كه‌وتمه‌وه و مێشێنه‌كه‌م لێ ده‌شێوا. چوونكوو ده‌مزانی ئێسته باوكم ده‌گاته سه‌رم. دڵم لای هه‌ڵماتێنه‌كه‌بوو، پلله‌م له كه‌لا ده‌ساوی و چاوم زیت ده‌كردوه تاكوو میت بنگێوم. باوكم بانگی ده‌كرد:" كوڕه، كاكی خۆم!" به‌ده‌م ماقبردنه‌وه‌وه ڕه‌ق ده‌بووم. به لووتی پا كه‌لام له بن پووتی له ڕۆچنخراوی سه‌ربان گه‌وڕه‌كان توند ده‌كرد به حه‌ساوی خۆم وا ده‌دا له قه‌ڵه‌م كه نه باوكه من مێشێن ناكه‌م و هه‌ر هاتوم تماشا بكه‌م. نه‌مده‌وێرا خۆم بكه‌مه خاوه‌نی كه‌لا. باوكم ده‌ی گوت:"ڕۆڵه من چی تۆم؟" ده‌مگوت:"باوكمی. ده‌یگوت :"ده‌باوكت ده‌ڵێ بێ بڕۆڕه‌وه." ئه‌وه هه‌موو كوته‌كێكی بوو.
هر پشتی لێم ده‌كرد، كه‌لا و ته‌خته‌م له پشت قوونه‌وه ڕاده‌گرت و به هێواشی له گیرفانم ده‌خنی و سه‌ره‌پیپسی خۆمم هه‌ڵده‌گرت.كوڵانی لار و خێچی پشت ماڵه‌كانم به دووباز ده‌پێوا و به‌ره‌و ماڵه‌وه كه‌لا ده‌بوومه‌وه .
🔸وه‌رزی هاوین هه‌ر ئێواره و به‌زمێكمان ساز ده‌كرد.ئێواران دوایی تاقه‌ت كردنی مه‌ڕ و ماڵات به نیوه‌چڵی له هه‌لێك و چه‌لێك ده‌گه‌ڕایین بۆ فه‌رته‌نه نانه‌وه، خۆم ده‌دزیه‌وه له دایه ڕابێم و مه‌ڕاكانم نه‌ده‌گرت بۆ دۆشین. ده‌كه‌وتمه‌وه هه‌تیم یه‌ل بینۆ ،ده‌بووینه‌وه دوو تاقم، شه‌ڕه تفه‌نگمان ده‌كرد. قالۆره‌یی كه‌ت و كوڵفتمان به په‌تێكه‌وه هه‌ڵه‌واسییه‌ته سه‌رشان .حه‌ك قه‌زات له‌ماڵم! چ شه‌نگه كوڕێكین! كیو كیو ده‌ستی پێ ده‌كرد! ده‌بوه حه‌چ و لوور و ته‌قه و پڕمه‌یه‌ك له بنه‌شیوه‌ڵی لاپاڵ ئاوایی سه‌ره‌نده‌رت ناكرد كێ به‌كێیه. له پڕ ئاوقه‌ی یه‌ك ده‌بووین. یه‌ك ده‌ی قریشكاند:"نه‌خیر سه‌لكتم برینداركرده‌وه، درۆده‌كه‌ی خۆم كوشتم." یه‌كی به‌رانبه‌ر ده‌یكوت:" نه‌خه‌یر ئه‌وه حه‌ساو نییه،كه‌ڵاوه‌كه‌م داكه‌وت." كه‌س گووی به‌كڵاوی كه‌س نه‌ده‌پێوا. به‌رده‌بووینه سه‌روگوێلاكی یه‌ك قه‌سته‌كوشت، باش یه‌كترمان ده‌تۆپان و خوری شۆری یه‌كمان ده‌كرد،هه‌رای گه‌وره‌یەك لێكمانی ده‌كرده‌وه. شڕ وشپڕیو، گیزماڵێكمان ده‌كرد و به‌ره و ماڵ تێمان ده‌قاژانده‌وه.
🔸ئێواره‌یه‌ك دیسان خۆم ساودا بۆ فیزماڵێکی دیکە به‌ڵام له‌ناكاو دایه‌گوره نركاندی:" هه‌ی عه‌مرت نه‌مێنێ به‌ره‌خه‌سوور دیار نییه! بڕۆ به‌ملی شكاوت بیدۆزه‌وه له كوێت جێ هێشتوه.!؟ هاكا گورگ به‌ربینی هه‌ڵدڕی! ده‌ی ڕاكه تا تێدانه‌چوه." هێشتا ئێواره زه‌رده‌ی ماوه. ڕان نه‌هاته، به‌ره‌به‌ر خه‌ڵك له ده‌شت و ده‌ر و مووچه ده‌گه‌ڕانه‌وه ئاوایی.به گۆله‌گۆل به‌ره‌و نزیکی قۆپی شوێنی به‌رغه‌ل له‌وه‌ڕاندنی ئه‌و‌ڕۆكه‌م به هه‌ڵه‌داوان هه‌ڵده‌هاتم.هه‌موو شوێنێك گه‌ڕام. كاوڕ دیار نییه. به‌ره‌و ناو دۆڵی قۆپی پیره‌گۆرانه و دارچنار و هه‌ڵووژه‌ی چڕی سه‌ر كانی پیره‌گۆرانه دامكێشا، له پڕ ده‌نگی كاوڕ به وره‌ی خستم. به‌ره‌و ده‌نگه‌كه كشام و دارچناره ته‌ژه هه‌ره به‌رزه‌كان ڕێگرم بوون .ئێواره لێڵه‌ی ده‌هات و ترووسكایی له‌مابه‌ین نسێی داره‌كان دزه‌ی ده‌كرده چاوم. دڵه‌خورپه و ته‌زێكی مچوڕكاوی و هه‌ناسه بڕكێ، پێكه‌وه هورۆژمێان هێنابووه سه‌ر سه‌رم.بۆ ده‌نگی به‌رخ گوێم ڕاداشتبوو.خشپه‌ێكی نزیك و له‌پڕ لپی ده‌ستێك سه‌رشانی داگرتم. به ترسه‌وه لامكرده‌وه باڵابه‌رزێكی ریشن چاوی له چاوه شینه ئاوگرتوه‌كانم بڕیبوو كوتی:" له چی ده‌گه‌ڕی ڕۆڵه." حه‌په‌سام قوڕگم وشك بوو! وتم بۆ به‌رخه به‌رخه‌خه‌خه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێم. نه‌م ده‌ناسی و سه‌روسیمایی هه‌ڵكشاوی و تفنگی شانی له نێو چناره‌كاندا تاپۆی ده‌كرد.پاڵی به چنارێكی كت وكوڵفته‌وه دابوو كوتی :""وه‌ره ڕۆڵه مه‌ترسه كا مه‌حموو لێره‌ییه." به هاتنی ناوی كامه‌حموو كه خاون قۆپییه‌كه‌بوو سووكناییم بۆ هات و ده‌ستی كه‌سه‌كه‌م گرت. وتم به دوایی به‌رخه‌كه‌مدا ده‌گه‌ڕێم كه هه‌ر باڕه‌ی ده‌هات. كوتی:" تازه سه‌ری ده‌بڕیین ده‌یخووین." تا تینم تێدابوو قێڕاندم وگریام. چه‌كی شانی دانا و ده‌ستێكی به‌سه‌رمدا هاورد و ماچی كردم و كوتی""گاڵته‌م كرد له وشه‌ی گاڵته حاڵی نه‌بووم وتی: شۆخیم كرد كوڕم لای ئێمه‌ییه، دوایی له گه‌ڵ كاک مه‌حمووددا بیبه‌وه ،جارێ میوانی ئێمه به." وتم:" دایه‌م دایه‌م ....
درێژه‌ی ده‌بێ...
⛰کەژەوانی چلچەمە ڕۆژانی ۷و۸ڕەشمە، گرووپی شاخەوانی هەڵۆی سەقز.
🔸بەیداخی شاخەوان.
ڕێچکەی ڕەنگاڵەی پووزەوانەی شاخ
دەس لە مل ڕەوەز، دەئاژون قۆچاخ.
پێمل بەفرەلیسک بۆشناخی بۆشناخ
هەڵبڕنان لووتکەی ڕەژد و تەم و ڕاخ.
چێژگەی سروشت ڕێژ، شاخەوان بەیداخ.
-----------------------------------------------------🏔🗻
☘️مانا :
بەیداخ:ئاڵا
راخ:بەردەڵان
قۆچاخ:چوست و چالاک
لیسک:شوێنی خز و بەفرەسەرە
هەڵبرنان،برمان: ڕادان، ئاوقەی شوێنی بوون.
ڕەوەز:چین چین بەردی ناو قەدی کێو.
🌧✍️⛰@asoyzhyanisaheb

په‌نجه‌ی شه‌كه‌ت:
بۆ ڕۆحی نه‌سره‌وتی بیركه‌نی شارێك.
نم، زنه و تنۆكێكی دیكه به ئیسپایی چووه هه‌ناوی قوڵنگه‌كه‌ی و شاگه‌شكه‌ی چێژێك به ناخی گه‌رمی ڕۆحه نه‌سره‌وته ماندوه‌كه‌یدا وه‌ك فێنكی حه‌زێك ڕه‌گاژۆ بوو. به سانایی ده‌ست و په‌نجه‌ی شه‌كه‌تی له قژه ڕه‌شه تۆخه‌كه‌ی وه‌ر‌دا و برێك گرمتكه خۆڵی سه‌ر مژۆڵه داگرتوه‌كانی ته‌كاند. پوتكی داكوتان و هێزی هه‌دادان، بریسكایه چاوه‌نه‌حه‌ساوه‌كانی. قه‌ڵه‌مه پۆڵاكورته‌كانی له نێو لپی ده‌سته زبره دڕوو هه‌ڵدراوه‌كه‌ی توندكرد و به‌خێرایی و دانسته له قه‌برغه‌ی گاشه به‌رده شینماڵكه‌ی ڕۆكرد. به هێزی باسكی قۆڵپێچكراوی، كه‌لله‌ی كوڵه قوڵنگه‌كه‌ی له سه‌ره قه‌ڵه‌مه پۆڵاكه داكوتا و پرز و كوتی دیانه به‌رده‌كه به په‌ڕتاو له ئه‌ژنۆ چه‌ماوه‌كانی درا، ئازارێكی به‌له‌ز له‌شی كوتراوی داگرت. بۆ ساتێك پاڵی داییه ته‌نووره‌ی بیری بیره قووڵه كه‌ندڕكراوه‌كه. وچانێك و پشووێك و به یاڵا كردنێك، دۆڵچه‌ی داكشاوی پڕ كرد له وردكه به‌ردی خووساوی بیره ده‌م داچڕاوه‌كه‌ی نێو ده‌شتی سڕی ساحێب. قڵپه و خورته‌ی ئاوێكی بێ پسانه‌وه، ژیانی خسته نێو چرچ و لۆچی نێوچاوانی قوڕگرته‌ی بیركه‌نی هێزگرته. له نێو جه‌غزی ته‌نووره ده‌سكرده‌كه‌یدا.له په‌ستا یه‌ك بین زیخ و چه‌وی لیتاوی به لپی ده‌ست ده‌ماڵییه‌وه .ده‌روێشانه سه‌مای سووڕانی ده‌كرد و له گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ئاو ده‌بووژایه‌وه .له سه‌ر هه‌ر جێپێیه‌كی لاپاڵی بیره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتنێك و ده‌ركه‌وتنێك و به سانایی ده‌س له سه‌ر لێوار، شه‌كه‌تی چاوی تیشك ئه‌نگو‌ته‌ی بڕییه لیپاولیپی دۆڵچه سه‌رڕێژكراوه‌كه .له سه‌ره‌خۆ شه‌نگه‌بزه‌ی له‌ره‌ی ئاوی شه‌وق لێدراو، سه‌رخۆشانه به هه‌ناوی بیركه‌نی شاره‌كه‌دا چوه نێو ڕه‌گه ئه‌ستووره‌كانی و بوو به جمگه‌ی بێ جووڵه‌ی ڕۆحێكی لانه‌واز و دڵۆپ دڵۆپ ڕۆچوه ناخی ته‌مباره خۆڵكه‌دا و توویاوه.