اسلایدر

من به ره و ئاسۆ به ره و رووناكی باڵم گرتوه
welcome - به خێر بێن

عنوان

📚ساحێب لە سلێمانی.

سلێمانی، چاپێ نوێ و دووبارە.

📚زاخاوی مێشک.
📚شنەی چیای بەرزە هەوێن.
📚شنەی کانی گۆمەیان و وتەی پێدەشتی حاجیە تاوە.
📚سیلەنیگای لاپەڕە تۆزاویەکان.
📚شکاری خانەزا
📚زووزەنەقەی نەتاشراو.

🔸سلێمانی چاپی نوێی بەرهەمەکان.

بنکەی ڕۆشنبیری " تیڕۆژ، چوارچرا.

📕کتێبی " شنەی کانی گۆمەیان و وتەی پێدەشتی حاجیەتاوە، بە چاپی دووبارە.
ئاوڕدانەوە لە مێژووی هاوچەرخی شارۆچکەی ساحێب و چالاکی باژێرشێوازانە.

نووسینی:عابید حسەینی.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 14:23 | لینک  | 

‍  ⛰شاخه‌وان له‌ شاخ به‌ جه‌سته‌ی خوێدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت:

🔸عابید حسه‌ینی

🔸له‌ دڵی ڕه‌وه‌زان هه‌نگاو نان ،هه‌سته‌، نه‌سته‌، هه‌ستانه‌وه‌ و سه‌رمه‌ستیه .
       ئه‌سته‌می به‌رده‌ڵان به‌ ناخی ڕۆحه‌ نه‌سره‌وته‌كه‌تدا ده‌ئاژوێ و جه‌سته‌ت شه‌ڵاڵی گاشه‌به‌رد و تاوێره‌كان ده‌بێت .دوو په‌نجه‌ی  هه‌ره‌وه‌ز ده‌بنه‌ جه‌مسه‌ر بۆ له‌شی ئاماده‌ی ته‌كان ،شه‌كان ،پێوان و ڕاتڵه‌كان .
🔹تاقه‌جانێك یانی :ئۆقره‌ و ئارامی ،لانه‌ و چاوگه‌ی ئه‌ندامی پێكه‌وته‌ ،هه‌ڵفڕانی ئۆخه‌ی حه‌زێك، ده‌بێته‌ مه‌لی خۆزگه‌ و بنچكی چنگ گرتووی هه‌رجنێك داڵده‌ و هیوا ،په‌ناگه‌ و سانه‌وه‌ و پشوو.
🔸كۆڵانه‌ به‌ردێكی رژد و توند و هه‌ڵه‌مووت : یانی لاتراسكه‌ و لاپاڵ ،چنگه‌ پڵماسێ ،خێوه‌تێك له‌ فێنكی تاشه‌به‌رد ،كه‌مانه‌ی گوێسه‌وانه‌ی شاخ و دڵۆپه‌ی چۆڕه‌ئاوێك ،فڕكه‌ و چریكه‌ی ورده‌ مه‌لێك، ده‌ت هۆنێته‌وه‌ و واژۆیه‌كی ڕه‌نگاڵه‌یه‌ بۆ خێوه‌ت لێدانی گرێگرێی له‌شت له‌ گه‌ڵ هاواڵبوون و ده‌بیته‌ لفه‌ودوانه‌ی تێكئاڵاو و پێكه‌وه‌ ڕه‌نگی بوونێك ده‌گرن.
🔸گڕه‌به‌ردێك یانی پاڵپشت و په‌نا،وچانێك و قومه‌ئاوێك دبنه‌ شنه‌ی ڕه‌وینه‌وی شه‌كه‌تی ، داهزران  و دیسانه‌وه‌ هه‌گبه‌ی وزه‌ و وره‌ و كڕنۆشی هه‌ڵسوڕان ده‌ڕژێته‌ ماندوویه‌ته‌وه‌. 
🔹هه‌موو ئه‌ندام به‌كۆ  له‌ كۆ  كۆ ده‌بنه‌وه‌ و پێكهاته‌یه‌ك وه‌ك كۆڵه‌كه‌ی بوون و سه‌فای شاخ ده‌رژێته‌ ناخی په‌رداخ  و ده‌ماخ ده‌گرییت. 
  🔹كوێستان،به‌ندن و كێو ،درفه‌تێكه‌ بۆ یه‌كبوون و تێكه‌ڵبوونی جه‌سته‌ و هه‌ناو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ست و نه‌ستی كۆڵانه‌ به‌ردی ئه‌ستم و زه‌رده‌ی ده‌م كه‌ل و شنه‌ی سروشتی شاخ تێبگه‌یین ،پێویسته‌ جه‌سته‌ ،مێشك و هزری شاخه‌وان به‌ یه‌ك ده‌نگی هه‌ره‌وه‌ز بكات و یه‌ك بین بڵێن : هه‌نگاو هه‌نگاو بۆ سه‌ركه‌وتن ڕێده‌پێوین. وچان وچان تا كوو لووتكه‌،تاكوو ترۆپك و دوند هدڵده‌زنێین به‌ جه‌سته‌ی خۆماندا و له‌ قوتته‌ی سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ ،خۆمان به‌ ده‌م تیشكی خۆری به‌یانه‌وه‌ ده‌ڵێینه‌وه‌.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 11:7 | لینک  | 

🔸هات و نه‌هات

✍️عابید حسه‌ینی

✅رۆژێ له‌ رۆژان ئه‌سپی پیره‌پیاوێك، به‌ربوو و هه‌ڵات. 
خه‌ڵك تێکڕا گوتیان: "حه‌ك چه‌نێك بێ به‌خته، هه‌ناسه‌ سارد!"
پیاوه‌ پیره‌كه‌ بۆی دانه‌چوو گوتی: "ئه‌وه‌ نییه قوربان ،بزانین چییه؟"
دواتر ئه‌سپه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ و ئه‌سپێكی گه‌ڕۆكیشی له‌ گه‌ڵ خۆی ڕه‌دوو خستبوو!
خه‌ڵك ئه‌مجار گوتیان:" كه‌رشانسه‌، له‌ هیچه بۆی ده‌گات!"
پیاوه‌ پیره‌كه‌ دیسان بۆی دانه‌چووه‌و  گوتی:" ئای براله ، وانیه قوربان؟  له‌ كوێڕا دیاره !؟
كوڕی پیاوه‌ پیره‌كه‌ له‌ ئه‌سپه‌كه‌ به‌ربوووه‌ و و قاچێكی قرپ بوو.
خه‌ڵك تێکڕا گوتیان: "چه‌نێك ناوچاو ڕه‌شه، هه‌ر بۆی ده‌گات!
پیاوه‌ پیره‌كه‌ بۆی دانه‌چوو  هه‌مدیس گوتی: "وا نییه قوربان بزانین چییه؟"
رۆژی دواتر سه‌رباز بگیر بوو ،هاتنه‌ گوند ،هه‌موو گه‌نجه‌كانی گوندیان به‌ زۆره‌ ملی ڕاپێچكرد. جگه‌ له‌ كوڕه‌ قاچ شكاوه‌كه‌ی پیره‌پیاوه‌كه‌ نه‌بێ.
خه‌ڵك دیسانه‌وه‌ گوتیان:" ئه‌شا ئه‌و ناوچاوه‌ ! به‌ختی كه‌ر ده‌ته‌قێنێ!
پیاوه‌  زوورهانه‌كه‌ هه‌مدیس گوتی: "ئه‌وه‌ نییه قوربان بزانین چییه؟"
👌مه‌وره‌ له‌ به‌ختی كه‌س .هات و نه‌هات  بۆی هه‌یه‌ و جۆرێك ڕووكه‌شانه‌یه‌.  خوابكا به‌وشانسی ئه‌مڕۆتان هاتی دواڕۆژتان بێت. 
ئێوه‌ش بڵێن:" له‌ وه‌ ناچێ قوربان .بزانین چییه!"

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 11:2 | لینک  | 

‍ (https://attach.fahares.com/nqv0u168piW6T/8v3oNuqQ==) ‍ 🔸دانشتینی بەردەخوێی و مکانیکی شتێکی لێ شین نابێت.

✍️عابید حسەینی

پێشینان گوتوویانە:"ماڵ لە مەریوان دڵ لە دەروێشان" 
ئەم بابەتە، دەردی ئەمڕۆی قوتابیانی پۆلی دوانزەی دەرس خوێنی ناوچەی زێوییە.

🔸کڕۆنا هاوڵەی ئاوقەی فێرکاری مردەلۆخانە کردوە. سەر لێ شێواو و بێ پەنا لە نێو ئاپۆرەی کتێبدا مێشکیان وەک کڵافە بەن ئاڵۆزاوە، سەر و بنی کاریان لێشێواوە، دەڵێی داری بەڕوون نەخۆشی دامۆکەیان گرتووە، هەر مۆرە هەڵداوێن و بە هیوای جووت شەشن. 
🔸قوتابی بێ دەرەتان چووەتە قلیپۆپەی دوا قۆناخی فێرگە. لە نێو چەند ڕێیانێکی لیتاوی بە جێ هێڵراوە. نەخۆی شارەزایە، نە شارەزا لە کورت مەودادا، مانگی بۆ دوو کوت دەکرێ.

🔸گێژاو و کێشە چییە؟

منداڵ سێ قۆناخی دەوێ تا هەستێتەوە.

🔸 بەڕێوەبەرایەتی هەست و نەست.

ئەوەی پێوەندی بە هەست و دڵ و چێژەوە هەیە بۆی ناخرێتە چوارچێوەی ڕاست و وەک شێرپەنجە لە ئەوکیدا مۆڵی خواردە و ڕاسە و پاسە کردنی سەرناگرێت، هەر قوتابیەک لەم بوارەدا سەر نەکەوێ ، سەرکەوتنی کاری فیلە و ئەستەم. لە چێژ بووردن و چوونە قۆناخی هزر و بیرەوە، بۆ ئەو تەمەنە ئەستەمە و خۆبەڕێوەبەری دەوێ.

🔸کات و درفەت.
شتێک بە ناوی هەل و خۆبەڕێوبەرایەتی کات نازانێ چییە و لە دووی هەڵکەوت و لێشاوی چوون و هاتن، وێڵە. گازەندەی دونیا دەکات ولە ئاسمان و زەوی توڕەیە، بەڵام خۆی لە بیر چوەتەوە.
🔸پشووسواری و دان بە خۆدا گرتن و ناخ پەروەری، زۆر ئەستەمە لە مێشکی دەورانی لەش بە باری جووڵە و وزە دەوامی بێت. قوتابی ئێمە خۆبەڕێوەبەر نییە، دەبێ کەسێک وەک گۆپاڵ بە سەریوە دەندووکی حازر و بازر بێت، ئەمەش زۆر بە سەختی شتێکی لێ بەرهەم دێت.

🔸مێشکیان لە شوێنێکی دیکەیە. کە نەکاتیەتی نە دەکرێ.
کاتێ کەسێک لە جەنگەی کارێکدا مێشکی لە وێ نەبوو، دەرگیری شتێکی دیکە بوو، سەر و بەری کاری لێ تێک دەچێ، و سەرەندەری شتەکان ناکات. زۆر یەک لە قوتابییەکانی ئێمە، لە شوێنێک دانیشتون بۆ خوێندن، بەڵام دانیشتنی بەردەخوێی و مکانیکی بە کوردی و پەتی پێی دەڵێن:"ماڵ لە مەریوان دڵ لە دەروێشان."

🤷‍♂@asoyzhyanisaheb

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 0:0 | لینک  | 

📚ژیان لە گەڵ کتێبدا.

🔸ئەفسانە و چیرۆکی کوردی.
گوتنی مام سەعید عەزیزی
نووسینەوەی مامۆستا ڕەحیم لوقمانی.
کاتێک دەچیتە پێدەشتی پڕ لە وشەی ڕەسەنی ورد و مردی پێنووسی مامۆستا ڕەحیم، ورەت دەجووڵی و تا دوایین سات بێ وچان دەخوێنیتەوە.
تەنیا شتێکی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە دەڵێیت ئەم کتێبە کوت ومت هەمان،ئەفسانە کوردیەکانی .م. ب.ڕۆدێنکو، یە و داوتەتە دەس کەسێک بۆ مام سەعیدی خوێندبێتەوە و ئەویش بە زمانی ناوچەیی خوێی بەرگی نوێ بە بەریدا کردوە.

📚🔸ڕۆمانی گێڕانەوەی، تۆقی عەزازیل،کاک سەید قادر هەدایەتی،ببنە دەروێشی تەریقەتی حەمدوونی و وەها بە ڕچەڵەکی ئەو خانەوادەدا بچنە خوارەوە و بە ناڵێم ناڵێم بنەچە و کۆتەرەی  دەروێش هەڵتەکێنن.
📚🔸وێڕای شانۆنامەی کاوەی ئاسەنگەر،شێرکۆ بێکەس بە وەڕگێڕانی بۆ فارسی کاکە حەمەی مەحموودی و لوقمان عەلایی بچنە ناخی مێشک پژان و بێ دەرەتانی و پێویستێکی سەرکی ژیان بدۆزنەوە،هەرچند وەرگێڕانەکە شیکارییە تا وەرگێڕان و لە ئاست کارەکەی  شێرکۆ بیکەسدا نییە.
📚کتێب،ژیان ونەوەی داهاتوو
دەتوانن بە ئەمانەت وەریان بگرن بۆ خوێندنەوە.
🔸فێرگەی هەنار شاری ساحێب.
ڕۆژانی دووشەممە و چوارشەممە
کات4 بۆ7

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:35 | لینک  | 

‍  ‍ 📚ئەمڕۆ ڕۆژی لە دایک بوونی کڕامەتی وشە و ڕستەی زمانی کوردیە.

  🔸ئەمڕۆ هەست و نەست دەچێتە حەزی لە دایک بوون. ئەمڕۆ دڵە خورپە بەزمانێک دەکەوەێ . 
 🔸ئەمڕۆ پێنووس مەراق دەیگرێ و جوانوێک دەحیلکێنێ و ڕەوەزبەردێک بە ناخی کوردوستاندا، شۆڕ دەبێتەوە.
🔸ئەمڕۆ زنەی کانی، گابردی وشە دەتلێنێ و لە هێڵی کڕامەتی خاوەندارێکدا، دەچێتە جامانەوە، ڕەشتی دەڵێتەوە، پێچ و مێزەرە لە سەر لانکەی نمامی توولەساوا متۆربە دەکرێ و هەناو دەچڕژێت و لێشاوی وشە هەڵدەتۆقێ و کاروانێک لە بوون دەێتە ڕمبازێنی لێنووسە لە مێژینە بێ داڵدەکە.
🔸ئەمڕۆ شێرکۆ بێکەس چاوەخۆر دەکاتە پڕشنگی ئاڵای زمانێکی بن دەست و ڕەگەزکۆژراو. 

🔹هۆ لالۆ چازانەکەم، دەستە دەستە پەڕەسیلەکەی ماچ بۆ پێدەشتی وشەت باڵدەکاتەوە، مێشک لە بەر چرای نئۆن شەوارەت ڕامووسانی ورە و وتە دەکات.
 🔹هۆ ئەسپە کەحێلە شینباوەکە خۆت باوێژە کانگای هەنبانەبۆرینە و هەژاران نوقمی نوقڵەکوردی بکە و لە ئاسمانی تەم گرتووی خەنجر کوژدا، مەشخەڵانێک لە عەشق بێنە گۆڕێ و هەناوێک، ناخێک بە پیاسەوە بگەڕێنە لە جووڵە و بە شادەماری نالیدا پەیتا پەیتا خلۆر ببەوە، لە ختۆرەی حاجی قادردا مەڵاشو بکەوە، لە دەمێنی پێرەمێردا خەنجەر لە مستۆ بگرە و لە حوجری مەحویدا، یاحەقبێژان، گڕوگاڵی دەنگی عەلی مەردان بکە. 
🔹چەندە خۆشە، هەناست بە نێو وشەکانی زمانی کوردیدا شنە دەکەن!
 چەند بە پێزە زمانێک ڕۆحی ئاوەڵای لە تەرزیلە نگات گشە دەکات.
 ئەی خاوەنی وشەی زمانی کوردی، سەدان کەڕەت بوونت لە ئامێز دەگرین و کڕنۆش بۆ پیت بە پیتی وجوودت دەبەین. 

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:31 | لینک  | 

🔸 لە پیرۆزبای ڕۆژی مامۆستا دەترسم.

✍️عابید حسەینی

  🔸کاتێک بازۆڵە و ماسوولکە و جەستەی قەبەت هەبێ و خۆت ڕابدەیت و نەخیر هەموو کسێکش شەل و پەت بکەیت و چووزانم سەنعەتکارێکی بە دەست و برد بێت و هەمە چەشنە بەهەرەمەند. لە کاتی کێشە و گرفتە کۆمەڵیەتییەکان و بنەماڵیەکانیش ناچاریت دوای کەف و کۆڵ ڕژاندن، هەر بچیتە بەر هەلی قسە. ماسوولکە و کەللەی قەوی بە کڕنۆشەوە دەبەیتە بەردەم وشەبێژان.

🔸وشەبێژانی کۆمەڵگا کێن؟

  🔸هەر لە کۆنەوە، گەورەی کۆمەڵگا، ڕیشێکی سپی و دەمپاراوێکی ڕاوێژجوان ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ بوە، کە بەکردەوە لای خەڵک جێی سەرنج بوە.
👌پەل بهاوێژیتە ئاسمان ناچاریت لە بەردەم قسە و ڕاڤەدا ملکەچ بیت و ئەهوەنی وشە داتدەمرکێنێ.

🔸کاتێ بابەتێکی وەها ناسک و سەرەکی کۆمەڵگا بە ئەنقەست بدرێتە دەس کەسانێک نە بۆ ئەو کارە لواون و نە گونجاو، شیرازەی هەموو کارێک دەشێوێت، بەرد لە جێ خۆیدا بەن نابێت، هەر گەجەر و گوجەرێک شیاوی وشەبێژ نییە، دەبێ سیستمێکی بە دانستە، ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت تا هەرکەسێک نەچێتە ئەم شوێنە هەستیارە و سەرچاوەکانی ڕاڤەوانی و قسەبێژی لێخن نەبێت، بەڵکوو کەسانی هەناو تۆکمە و داڕژتە ببنە بەرپرسی هێمنی و سەقامگیری کۆمەڵگا.
  🔸بەڵام کۆمەڵگای ئێمە بە سیستمی بۆ تێکشکانی مەرجەعە هێمنئاساکانی کۆمەڵگا هەنگاوی هاوێشتە، داڕمانی مامۆستا و میرزاکان،دادیار و پارێزەر و دادوەر. یانی تێکشکانی مەرجعەکانی کۆمەڵگا و خستنە ناو بازنەی ڕەشۆکی بوون، دەرەنجامەکەی هەر ئەمڕۆی لێدەکەوێتەوە،ئەمڕۆ دەمبەتاڵان بە تاڵانیان بردوە، لە مامۆستا بوون، لە ڕاوێژکار بوون بێزت هەڵدەستێ و قیزت دەشێوێتەوە هەر ڕەشۆکێکێ دەم بە ئازار لە دووت دەگەڕێ وردت بکات، چونکوو خۆی بەدەس ڕواڵەتبازانەوە وردکراوە، ئێسته تۆڵە دەسێنێتەوە، هەڕەشەی دەم دەکا،چوەتە جێگەی دەم ڕاوێژان، سیستم وای کردوە ئلیتی کۆمەگا نەچنە شوێنەکانی خۆیان و بە پاساوی خۆی بوون و ئیدئۆڵۆژی بەرتەسەک ، تاقمێک دوور دەخرێنەوە، و تاقمێکی کەم مێشک دەبنە جێگرەوە، ئەمە بە تایبەت بۆ سیستمی قسەبێژانی کومەگا داڕمانە و خەساری لێکەوتەتەوە و ئەمڕۆی بەدی هاوردە.
🔸لای من مامۆستاییش دەچێتەوە هەمان خانەی دەمبێژانی کۆمەڵگا و بە قسە کار دەکات و ڕاوێژی کۆمەڵگاییە، لای من مامۆستا بوون جگە لە ئەرکێکی ڕۆژانە، وەک هەموو کار و پیشەکان. ئەرکێکی جیاوەزە و هەوێنی کۆمەڵگایە. بەڵام،
 ئەم ڕاڤەیە تێکشکاوە و بە دەم خەڵکەو بوەتە گاڵتەی ڕۆژانە و ئێستە ئەم سیستمە کەسانێکی تێخزاوە لە ناخەوە و لە دەرەوە هەر جەستەن و ماسوولکەن و نەیاتوانیە بە ناخی وشەدا ڕۆبچن، بەڵام ئەم کەم وکۆڕییەیان بردەتە نێو کۆمەڵگا و کەسانی ئاسایی کاتێ سەیر دەکەن وەک خۆیان چوەتە ئەو شوێنە ، ناحەقیان نییە، لە پڕ بێ ماییە کەسانێک بوونەتە کوڕێ. ئەویش خۆ شەل و کوێر نییە خۆی شیاوی ئەو شوێنە دەزانێ.

🔸چ کەردەن  ئەی مامۆستای چییە؟
مامۆستابوون یانی: ڕێگەی سەرلێشێواوی بدۆزێتەوە، بچێتە ناخێکی دۆڕاوەوە، بی بووژێنێتەوە، دەروازەی گەشەی  ئاسۆی ژیانی کۆڵەوارەکان بکەیتەوە، لە یەک ڕستەدا، مامۆستابوون یانی:بتوانی کڵاڕۆژنەی ڕووناکی بۆ ئازارەکان ئەوەڵا بکەیت"
ئایا کەسێک نابەجێ هاتە، نابەجێ هەڵ دەسووڕێ، پڕە لە ئازار و خۆی سەر لێ شێواوە، ناخی تاریکە،  دەتوانێ ڕووناکی بدات؟ ئەستەمە و سیستمی فەشەلی پەروەردە بەدەس کەسانی پلەنەزمەوە لە دایرەی خۆی و ناخۆییدا پەلەقاژەی مەرگیەتی و نابەجێیان، سەر لێ شێواو بەدەور خۆیاندا وەک دووپشکی ئاگر تێبەردریاو ناچارن بەن بە خۆیانەوە، چوونکوو بێ ئەنوا  مێشکیان هەڵگری ئەو شوێنە نییە و ئەو کارە کاری ئەوان نییە و تەنیا گوێ لەمستن.

👌کۆمەڵگای باوخۆش بە ئازار و دەرد چێشتوو، مێشکی ناتوانێ هەڵگری هەوڵی تۆ بێت بۆ ڕەوینەوەی ئازارەکان تا کاتێ خۆیشی نەبێت.

👌تەنیا (hierarchy)  دەتوانێ دەردی ئەم کۆمەڵگا چارەسەر بکات. هەرکە لە جێی خۆی قەدر و قیمەتی هەبێت، بەڵام کێ و بەدەس کێ جێ بەجێ بێت. مەرجی سەرەکییە.

asoyzhyanisaheb@

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:28 | لینک  | 

جەستەی ئازارشکێن چۆنە؟

لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ کێشە وململانێکاندا.

🔸هۆشم بە خۆمەوە هەیە؟ هۆشتان بە خۆتانەوە بێت.

 🔹بەڵگەی یەکجار زۆری زانستی هەن . پیشاندەرەی ئەم ڕاستیەن کە دڵەڕاوکێ و دڵەخورپە، لەش و لار و قەڵافەتی مرۆڤ تێکدەتەپێنن. زۆر بەڵگەش هەن کە دیسان دەڵێن، تێکڕمانی جەستە، مێشک ئاڵۆز دەکا و دایدەمرکێنێ. 
کاتێ تووشی چەرمەسەریەک دەبین، ناچار بە ئەنجامی ئەم کارانەین، خەومان دەشێوێ، خۆراکمان پێ ناخورێ و هەڵس وکەوتی جەستەیی کەم دەبێتەوە. قۆرتمە پشت شکێنەکان لە پامان دەخەن، مەهێڵن ئازار ڕخنە بکاتە نێو جەستەتانەوە، قوربانیکردنی جەستە و تێکڕماوی هەناو نابێتە هۆی دەربازبوون لە کێشەکان و کێشەکانیش لە بەرخاتری تۆ سەرخۆیان داناخەن بڕۆن،ڕێک و ڕاست خۆتت تێکشکاندوە، کارەکەشت نەبوەتە هۆی خەلاسبوون. باشتر وایە، نووستن لە یاد نەکەن، خۆراک ماکی ژیان و بووژانەوەیە، جەستە بە ئاوەوە بەندە، مێشک و جەستە پێوێستی بە وزە هەیە بۆ کاتی تێکڕمان و بەربەرکانێ، با ئازارەکان لەوە زیاتر زەفەرمان پێ نەبن، ناچار بە بوونین، دەبێ درێژه بە ژیان بدەین.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:7 | لینک  | 

 

✍️عابید حسەینی

🔸کاتێ منداڵ بووین، لە سەر خوانێکی گەورە کە ئامادەی مێوانی کرابوو، تەقەی کەوچکمان دەهات و لە دەم و لەوسی مێوانمان دەڕوانی کە خۆیان مڵاس دابوو بۆ گیان سەوزی خۆرشت، هەر کاسە و کەولە بوو دەهات و ریز دەکران و بۆنی چێشت ناو هۆڵی داگرتبوو، فریای حاجەت نەدەکەوتین، یەک بین دەهات و سەر سفرەی دادەگرت. میمکێکی باوکم لای سەرەوە دانیشتبوو، وەڕس لە تەقەی چمچەی ئێمە و بێزار لەو حەموە کاسە و کەوچکە، هەرای لە من کرد کورە، مەحموو، بلە، عەلی، ناسر، نەخیر هەر نەگەیشتە ناوەکەی من و ڕقی هەستا کوڕە چاوسەرەمەگەز ، تەڕەماش ئادەی وەرە نزیک منەوە، بە شڵپ و کوت وتیان کورە میمکە خەجێ لە گڵ تۆیدایە، بە پاڵە پەستۆ و لە پشت گەدەی ڕاخووشاو و تەنگە کوتێ خۆم گەیاندە تەنیشت پوورە خەجێ، بە هەرتک دەستی پڕی کرد بە کڕاکەی ڤژە ئاڵۆزیاوەکەمدا و دوو شڵپە ماچی تەڕی ئاوقەی سەروچاوی خۆرسووتاوی بیرۆ لێدریاوم کرد، بڕێک بە قوربان و سەدەقەم بوو، وەختا بوو ملی پیچکەم لە ڕەفیسکەوە بێت، بەرچاوم لێڵ بوو، 
بە قونخشانێکی مامەیەکەم وەک تێزە و بە هەڵترووشکان، خزامە پاڵ میمکە چارەکە لە کۆڵ و وەک ڕزق سەر دەرپۆقیاو لە سەر جەک کەوتمەوە کەوچک ڕاوەشاندن، پووری باوکم کەوچکی لاچڕێاو لاچڕیاوی لە بڵووتە برینج دادەگرت و بە لۆێکی دەستی ماڵییەوە ناو دەوریەکەی من و خۆی، ئەمجار هەرچی قاپ و کاسەی دیکە بوو حەوای دا ئەو لاوە و بڕێک بۆڵاندی  و کوتی :"حەی ماڵتان بە قۆڕ نەگیری ئەم حەموە جەحووناتە چییە هاوردتانەتە سەر سفرە؟ ئێژی زەماوەندی جندۆکانە." کەوچکێ دۆڵچەدڕ خۆرشتی ڕژانە سەر برینجەکەی من و خوێدا و کوتی :"دەبخۆ ڕۆلە خۆ فجوقت دەرچوو، خیرا گورج وەک مریشک پڕوژ و بڵاوەم پێکرد و ئاودیوم کرد، هەستام بەڕێی خۆمدا بۆی دەرباز بم و لەو  تەنگ و چەڵمە و تەنگەتاویە ڕزگارم بێت، لە پڕ چەپۆکی قامکە کوتەرەی میمکە خەجێ لە سەر شانم دای چەکاندمەوە و وتی:"ها ئەوەی منیش بخۆ ڕۆڵە زۆرم تێ کردوە با خەسار نەبێت، بڕێ پشتەکووڕە و قنەجووڕەم کرد و خەنیامەوە تەنگلانەکە، بۆک و نابۆک کەوچکم لە دەوری دەدا و برنجەکەم بە پشت کەوچکەکە ساف و لووس دەکرد و دەتکوت بانگردێنی لە بان دەدم، کاتێ تماشای قژی ئاڵۆزاوی میمکم و تیکە هەڵگلان و دەسە چەورەکانیم دەکرد، وەختا بوو جەرگ و دڵم تێک هەڵبێت، لە پڕ میمکە خەجێ وتی :"ئەیەڕۆ پووتی گوو ها بەقنگتەوە، قیزت ناییە بیخۆی ، ئەی وەچەمەری نەگریت، ڕۆڵە خۆ من دەسنوێژم هەیە." بێ گوێ دان بە باڵە فرتێ بە شێلانی پشتی هەموان و بە خواردنی لاپاڵە دەس و حەی عمرت دڕێژ نەبێت، گشتیانم شێلا و تا حەوشە نەوێسام.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:51 | لینک  | 

 

✍️عابید حسەینی

"کاتێ لە کەسێک بێزارین، شتێک لە دەم وچاوی ئەو کەسەدا هەیە کە دەمارگرژمان دەکات، ئەو شتە لە ناخی خۆیشماندا هەیە، چونکوو تا شتێک لە ناخماندا نەبێت، ناتوانێت بمانهرۆژێنێت"

ئەم ڕستانەی ڕۆمانی ،دێمیان، بیری  ئەم وتەی دایمەی باوەگەورەم دەخاتەوە، باوگەورم کتێب خوێن و مێژوو خوێن بوو، ئاکار جوان و ڕەوشت بەرز بوو، لە یادمە کاتێک بنەماڵەیەکی گەورە لە دەوری سفرە کۆدەبووینەوە، باسی سەروبەری ئاوایی دەهاتە گۆڕێ و کەس لە دەس دەر نەدەچوو، کێ وای کرد، کێ وای گوت، فیسارە کەس وا و فڵانە کەس بەو شێوازە، چەلەحانە سەر سفرەی دادە گرت، لە پڕ باوە گەوەرەم چوون ددانی لە دەم دا نەمابوو، نانێکی ماڵی دەکردە دوو تیکە و دایمە جێ سەرنج و لاسایی کردنەوەم بوو، لە سەر ئەو تیکە زل گرتەنە چەکێ خاسم خوارد، برۆیەکی سپی و چاوێکی شین و سەوزی هەڵۆی لە ژێر باڵای بەرز و جامانەی مامە کوێخایانە و لووتی بچکۆلەی هەڵۆیی هەڵدەبڕی و دەی کوت:" خۆتان خاسن خاسێ کەچەڵ"، نەی دەهێشت، درێژە بە چێژی هەڵکۆڵینی ژیانی ئاسایی و نائاسایی خەڵک بدەین، قوڕ و قپ سەر سفرەی دادەگرت، ئیستەش ئەو ڕستە بوەتە مەلەکەی مێشکم، لە قسەکردن و بیستی ژیانی ئاسایی و چۆڵە خرتە بێزارم و تاقەتی وردەکاری ژیانی کەسم نییە، گەورە ئاو دەڕێژێ چکۆلە پای تێدەخات، ئەم شێوازە سەرەک کێشان و قسە و قسەڵۆکانە لە ژیانی درۆ و ویترینی خەڵکدا، تەنیا دەردەسری و دڵێشانی بە دواوەییە، بەڵام هەر بە چێژەوە ڕووی تێدەکەین و خۆمانی پێوە سەرگەرم دەکەین، هەرکات لە ژیانی خەڵک مرۆکان بە خۆتان بێژن خۆت خاسی خاسێ کەچەڵ!
 

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 19:10 | لینک  | 

 

دۆستێک گوتی:

هاوین ناوێرێی دڵۆپە ئاوێک داباری گوندی سرمووسێی خوڕخوڕەی سەرشیو ،خۆی دەکەوێتە ڕێ.

هەر هاوین تۆپەڵە هەورێکی ڕەش سەر ئاسمانی گڕ گرتووی هاوین دادەگرێ، دوو چڵە نۆکە دێمیەکە و چوار شەغرەگیا دەکەوێتە گم و گل و خڕ  و لاپاڵی ڕووتی بزن کڕووسیاو ، خۆی لێ هەڵدەماڵی و هەر ساڵێک لە دۆڵێکەوە، زیخ ،چەو ،بەرد و لیتە دەس یەکدەگرن و بە قەرەباڵغی و گوژمەیی دەڕژێنە گوندی جافەبۆرەیەل و قەزای ماڵم ڕکێف کوت و دۆڵا و دۆڵ دایان دەماڵێ و لیتەڕێژیان دەکات و هەرچێ کوڕوکاشیانە لە کۆڵی دەنێ و بە چەما دای دەماڵێ و دەس لە پووش دیسان بۆ ساڵێکی دی دەڵێن:" بێژی ئەمساڵ نۆگەی کام دۆڵی دیکە بێت"، پێم وابی هەر دڵیان بەوە خۆشە سێڵاوەکە بە نۆبە بەرۆکیان دەگرێ.  دۆستێکم لەوێیە زوو زوو پێی دەڵێم :" عاقیبەت لەوە دەچێ هاکا بە سەر ،لەمەرە و باخە گیایەکەوە بە دەم ئاوماڵکەوە لە چۆمی خوڕخوڕە بتگرمەوە و پێت بێژم: ئەوزاااعوو.

📚لەمەرە:چەند باقە گیا پاڵ بدرێ پێکەوە، لەمەرە گیای پێدەڵێن.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 19:8 | لینک  | 

📚

کۆڕی مێهمانی و سفرە و خوانی پێشوو، نان و پێخۆر و چێشتیان دوو نەفەری لە سەر مەجحومەیەک ڕۆح دادەنا، شێخێک و موریدەکەی پێکەوە دەکەونە یەک، کوڵەزری مریشک لە نێو چێشتاوەکەیاندا دەبێت، کاکی مورید ، دەم و پەل قوپیاو و بێ دیان، کوڵەزری دەخنێتە دەمی و بڕێ سەگ بە حەوشەی پێدەکا و هەڵی دەشێلی دەم و ددانی نییە و بۆی قوت ناچێ، بێ سرتە لە چێشتەکەی دەخاتەوە، یا شێخیش  کەوچکێ قوڵ لە چێشتە دوو نەفەریەکە دادەگرێ و کوڵەزری دەخاتە لۆی لاوێچێ نان و قامکەشێل لە لۆچی دەمی توند دەکات و دەی هاڕێ و ئاوقانی گەدەی کەنیاو و کەندڕیاوی دەکات، مووریدیش چاوی لەم هێرشە یەکانەئاسا دەبێ، دەڵێ ڕۆحمە یا شێخ وە زەرپە، کوڵەزری ماڵیەوە!!

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 19:6 | لینک  | 

په‌نجه‌ی شه‌كه‌ت:

بۆ ڕۆحی نه‌سره‌وتی بیركه‌نی شارێك.

نم، زنه‌ و تنۆكێكی دیكه‌ به‌ ئیسپایی چووه‌ هه‌ناوی قوڵنگه‌كه‌ی و شاگه‌شكه‌ی چێژێك به‌ ناخی گه‌رمی ڕۆحه‌ نه‌سره‌وته‌ ماندوه‌كه‌یدا وه‌ك فێنكی حه‌زێك ڕه‌گاژۆ بوو. به‌ سانایی ده‌ست و په‌نجه‌ی شه‌كه‌تی له‌ قژه‌ ڕه‌شه‌ تۆخه‌كه‌ی وه‌ر‌دا و برێك گرمتكه‌ خۆڵی سه‌ر مژۆڵه‌ داگرتوه‌كانی ته‌كاند. پوتكی داكوتان و هێزی هه‌دادان، بریسكایه‌ چاوه‌نه‌حه‌ساوه‌كانی. قه‌ڵه‌مه‌ پۆڵاكورته‌كانی له‌ نێو لپی ده‌سته‌ زبره‌ دڕوو هه‌ڵدراوه‌كه‌ی توندكرد و به‌خێرایی و دانسته له‌ قه‌برغه‌ی گاشه‌ به‌رده‌ شینماڵكه‌ی‌ ڕۆكرد. به‌ هێزی باسكی قۆڵپێچكراوی، كه‌لله‌ی كوڵه‌ قوڵنگه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مه‌ پۆڵاكه ‌داكوتا و پرز و كوتی دیانه‌ به‌رده‌كه‌ به‌ په‌ڕتاو له‌ ئه‌ژنۆ چه‌ماوه‌كانی درا، ئازارێكی به‌له‌ز له‌شی كوتراوی داگرت. بۆ ساتێك پاڵی داییه ته‌نووره‌ی بیری بیره‌ قووڵه ‌كه‌ندڕكراوه‌كه‌. وچانێك و پشووێك و به‌ یاڵا كردنێك، دۆڵچه‌ی داكشاوی پڕ كرد له‌ وردكه‌ به‌ردی خووساوی بیره‌ ده‌م داچڕاوه‌كه‌ی نێو ده‌شتی سڕی ساحێب. ‌قڵپه‌ و خورته‌ی ئاوێكی بێ پسانه‌وه‌، ژیانی خسته‌ نێو چرچ و لۆچی نێوچاوانی قوڕگرته‌ی بیركه‌نی هێزگرته‌. له‌ نێو جه‌غزی ته‌نووره‌ ده‌سكرده‌كه‌یدا.له‌ په‌ستا یه‌ك بین زیخ و چه‌وی لیتاوی به‌ لپی ده‌ست ده‌ماڵییه‌وه‌ .ده‌روێشانه‌ سه‌مای سووڕانی ده‌كرد و له‌ گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ئاو ده‌بووژایه‌وه .له‌ سه‌ر هه‌ر جێپێیه‌كی لاپاڵی بیره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتنێك و ده‌ركه‌وتنێك و به‌ سانایی ده‌س له‌ سه‌ر لێوار، شه‌كه‌تی چاوی تیشك ئه‌نگو‌ته‌ی بڕییه‌ لیپاولیپی دۆڵچه‌ سه‌رڕێژكراوه‌كه‌ .له‌ سه‌ره‌خۆ شه‌نگه‌بزه‌ی له‌ره‌ی ئاوی شه‌وق لێدراو، سه‌رخۆشانه‌ به‌ هه‌ناوی بیركه‌نی شاره‌كه‌دا چوه‌ نێو ڕه‌گه‌ ئه‌ستووره‌كانی و بوو به‌ جمگه‌ی بێ جووڵه‌ی ڕۆحێكی لانه‌واز و دڵۆپ دڵۆپ ڕۆچوه‌ ناخی ته‌مباره‌ خۆڵكه‌دا و توویاوه‌.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 22:59 | لینک  | 

🔸کورتیلە چیرۆک.

✍عابید حسەینی

  🔹لە گوندێک، چەند میرمنداڵی زیتەڵە و وریا دەژیان، خۆشکە گەورەکەیان بناوان و گەورەیان بوو، براکانی گوێڕایەڵ وەک دایکێکی چاک ئامان و شیانیان لە گەڵیدا دەکرد. کوڕە تازە پێگەیشتوەکان دوای ئەرک و فرمانی خۆشکیان، ساتێک بۆ پشووی خویان لە سەربانی گەوڕە دڕێژەکانی ئاوایی بەزمی مێشێن کردنیان دادەمەزراند" قڕە، مەڵا، میت، گزە و کەلا " دەبووە هەڵا و هەنگامەی سەر بانێکی نیوە ڕێی ئەو ئاواییە گچکە. خۆشکی گەورە بۆ بێتاقەتی دەهاتە بەرهیوانی دیوەخانەکەی ماڵ خوێان، چاوێکی لە وردە کایەی برا گچکەکانی دەکرد، کە بڕێک لەخەڵکی ئاوایش لە دەوریان ئاپۆرەیان دابوو.
 ڕۆژ بەرەو گەرمای نێوەڕۆ هەڵی دەکوتا، یەکێ لە براکانی کچۆڵەکە هەر کە چاوی بە خۆشکەکەی دەکەوێ و کاتی فراوێنی بیردەکەوێتەوە و زگی دەکەوێتە قوڕەقوڕ، وادیارە برسیەتی هەڵی پێچاوە، دەق و دۆغر و یەکبین لە کاتی ڕاکردن بە دوای میتە هەڵگرتنەوە و پەلان خستندا، بانگ دەکا: "پەرێ پەرێ بۆ فراوێن چیمان هەیە !؟
پەرێیش دەس لە کەلەکە دەڵێ" هێڕەڵی کوڵیاو"
کوڕەی کەلا گلێن بەدەم کایەوە شاگەشکە دەبێ و دەقیرێنی" ئەیییییییییی دایکەکەی ڵاڵ وێی، بە خوا  برا خۆشە!!! "
 

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 9:50 | لینک  | 

📚وانەکانی زەردی خەزان لە لەغزان و خزان دەمانپارێزێت.

✍️عابید حسەینی.

🔸هه‌رچه‌ند ده‌ڵێن:" زه‌ردی خه‌زانه‌ و زڕه‌یی ڕه‌زانه‌ و هه‌رگه‌ڵاێك كه‌ له‌ دارێك ده‌وه‌رێ نووسراوه‌ێكه‌ به‌ ناخۆش خه‌وه‌ره‌ێ،به‌ڵام پانتای ژینگه‌ و سروشت ، وانه‌ی له‌گه‌ڵه‌ ، فێرمان ده‌كات تاك وته‌را و دووره‌په‌رێزی، كه‌وتوه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕی بێ هێزی و كزی و لاوازی و بێ نازی و ناسازی و ده‌بێت ده‌رباز بیت و ئاواڵخوازبیت و ڕكێف لێ بده‌یت به‌ره‌و پێكه‌وه‌ن و چوون و له‌ گه‌ڵ یه‌ك بوون .
 🔸ئه‌گه‌ر گورگی مه‌ڵبه‌ند خوازبیت  ده‌بێ هه‌ره‌وه‌زی هه‌ڵبڕێژیت ده‌نا به‌ره‌وژێریت.
🔸كۆ سرۆكه‌ ، پێكه‌وه‌بوون مانه‌ و ژیانه‌ و له‌سه‌ردڵانه‌، تاك به‌ره‌و تێكشكان و نه‌مانه‌. هه‌موو ئه‌مانه وانەی سروشته و تاك تاكی باڵه‌نده‌كان له‌ پانتای ئاسمان به‌ شه‌قی باڵ تۆماریان كرده‌ و كۆده‌نگی و یه‌ك ڕه‌نگیان به‌ شینی ئاسمان سپارده‌ و تنۆكه‌باڵیان به‌پاڵ خستنه‌یه‌ك سپارده‌.

👌🍂 پاییز ده‌ڵێت:

كاكه‌ برا ،كۆ هه‌ره‌وه‌زه‌ و هه‌را 
  مرگ و نه‌مان ده‌بڕێته‌ به‌ر تاك و ته‌را.


🍂@asoyzhyanisaheb

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 8:39 | لینک  | 

‍ 🔸نوورونێساء – ژنه‌ كوردی بناغه‌دانەری ‌ گه‌وره‌ترین دارولعیلمی پڕبایه‌خی كورده‌واری.

✍عابید حسینی.

🔹له‌ گوندی تورجان ساڵی ١٢٥٨ كۆچی مانگی مزگه‌وتێك بۆ عه‌لامه‌ی پایه‌یه‌رزی كورد قزڵچی، چێ كرا. ئه‌م مزگه‌وته‌ بوه‌ دارولعلیمێكی گه‌وره‌.

🔸مامۆستای پایه‌ به‌رز عه‌لامه‌ عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌دیان له‌ كتێبی #خه‌زێنه‌دا به‌م شێوازه‌ باسی گه‌وره‌یی ئه‌م ژنه‌ كورده‌ ده‌كات:
 
🔸نوورونێساء- خانم، كچی "مۆمن به‌گ " و هاوسه‌ری قۆچ به‌گ ماوه‌یه‌ك دوای هاتنی عه‌لامه‌ قزڵجی و دامه‌زرانی " دارولعیلمی تورجان" له‌ ساڵی ١٢٥٢ دا ،دوو ئاش و دوو دێی شه‌ش دانگی كرده‌ وه‌قفی مزگه‌وت و دارولعلیمی تورجان" . بیست ساڵ دوای ئه‌و وه‌قفانه‌ و چوارده‌ساڵ دوای ته‌واو بوونی مزگه‌وت و دوای ئه‌و هه‌موه‌كارانه‌ وه‌فاتی كرد.

🔸دیاره‌ ئه‌گه‌ر" نوورونێساء" خانم وه‌سه‌ر ڕێبازی ژنه‌خان و ئاغاژنه‌كانی دیكه‌ بكه‌وتبا، ده‌ێهێنا ئاشێك و چه‌ند دانگ مڵكی ده‌دا به‌ زێڕ و خشڵ و وه‌كوو سه‌كۆی پێش ویترینی زێڕینگه‌ره‌كان زێڕی به‌ خۆیدا هه‌ڵده‌واسی و به‌ خارا و تاراش دیوه‌كه‌ی ده‌ڕازانده‌وه‌ و بۆ لای هه‌موو سه‌یرانگاكانیش تێیده‌ته‌قاند. به‌ڵام ئه‌و خانمی زێڕ و زه‌نبه‌ر و گه‌شت و گه‌ڕانێ نه‌بوو.

 🔸له‌م شێعرانه‌دا  کە له‌ سه‌ر درگای مزگه‌وت دانراوە، باسی ئه‌م  گه‌وره‌ خانمه‌ كراوه‌.

🔹به توفيق جناب حي مطلق
  زفيض خالق نه طاق ازرق

 يكي بانوي با فر و سعادت 
  كه هست از بانوان عصر اليق

بود اندر حريم قوچ بيگ او  
 مهين بانوي شيرين كار الحق

همه كارش شريعت را موافق  
  همه شغلش طريقت را محقق

بود در عقل چون سته زبيده
  بود چون رابعه در دين موافق

بدل در كار يزدان سعی كرده  
 بجان در بحر احسان رانده زورق

شده نورالنسأ خانم علم زان   
كه نور نوع نسوان است رونق

پي طاعت يكي مسجد بنا كرد
  كه مثل او نباشد هيچ جوسق

زتعريفش زبان مدح كوتاه  
 نداند وصف او گفتن فرزدق

چو كرد اتمام آن فرخنده مسجد
  به سعي عاجل وغير معوق

براي سال تاريخش خرد گفت
 جزای مجد خاتون يابد از حق.

 🔸هیوادارین ژنانی كورد زێده‌تر ببنه‌ هانده‌ری گه‌شانه‌وه‌ی ڕه‌وتی سه‌ربه‌رزی گه‌له‌كه‌یان.
abed547blogfa.com
@asoyzhyanisaheb

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 11:41 | لینک  | 

 

🔸شكسپیر سانت( غه‌زه‌ڵێكی) هه‌یه‌ به‌ سه‌ردێڕی:

 When forty winters shall besiege thy brow,
And dig deep trenches in thy beauty's field,
Thy youth's proud livery so gazed on now,
Will be a tottered weed of small worth held:  

🔸كاتێ كه‌ سه‌خڵه‌تی چل زستان توێڵت دابگرێت.
هێڵی پڕشه‌قڵ ده‌شتی ڕازاوه‌ت دابدڕێت.
لاوه‌تی كه‌ وه‌ك جل و به‌رگی به‌رت ئه‌دره‌وشێت.
كۆنه‌ لیباسێك ئه‌بێت و كه‌م بایه‌خی پێ ئه‌بڕێت.٭

🔸ئێمه‌ش وه‌ك مامۆستا سه‌خڵه‌تی چل زستانمان تێ په‌ڕاند و چرچ و لۆچی توێڵمان شه‌قڵی گه‌وره‌ی تێكه‌وت.له‌م چل ساڵه‌دا ، بیست ساڵی خاس یان خراپ بێ ئه‌وه‌ خۆت زۆر ده‌خاڵه‌تت تێدا كردبێ،سووڕی ژیان له‌ ناوچه‌یی زێویه‌ ته‌پڵی به‌رده‌وامیه‌تی لێدا.
 🔸به‌ وته‌ی شاعیری هه‌ست ناسكی كورد مامۆستا هێمن ده‌توانی ناوی بنی"مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌ف" ئه‌م مه‌ته‌رێزی شه‌رەفه‌ چییه و پێناسه‌كانی چۆنه‌؟ بۆ ئێمه‌ی مامۆستا ده‌كرێ ناوی بنێیت قوتابخانه‌ی ژیان، تاقمێك مامۆستای خاوه‌ن به‌ڵێن نەچوونه‌ ناو بازنه‌ی سیستمی ناڕێكی په‌روه‌رده‌، هیلاك نەبوون و پاشگه‌زنبوونه‌ و كاغه‌ز بازی باوی ئێداری لە ورەی نەخستن
 🔸بە وته‌ی ئه‌م شێعری مامۆستا هه‌ژار بێژی " كوڵكه‌ و مه‌ره‌زیان به‌ كام ته‌شی ڕێسرابێت؟ "  ڕسكان و جێاوازبوونی خۆیان مسۆگر كرد.
🔸ئەمانە هۆگران و ئه‌ویندارانی خاك و نیشتمان و مڕۆڤ دۆستی  و به‌رپرسیار له‌ هه‌موو شێوازه‌كانی مامۆستا بوون و خۆیشت به‌ فه‌خره‌وه‌ بڕوات واییه‌ بوونی ئه‌م مڕۆڤه‌ به‌ڕاستی ئاكار جوانانه‌ و كرده‌وه‌ له‌ به‌ر دڵانه، دڵت ئه‌رخیان ده‌كات كه‌ به‌ هزرێكی گه‌شبینانه‌وه‌ فه‌خر بفرۆشیت و به‌ڵێیت خودایە سه‌دجار به‌زیاد بێت كه‌ له‌م سووڕی نه‌یه‌ك جار له‌ باری مامۆستایه‌تیه‌دا‌ منت خسته‌ سه‌ر ڕێی ئه‌م مامۆستا ئاكار جوانانه"
🔸لای من له‌ ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا ده‌توانم ئه‌م مامۆستایانه كه‌ له‌ مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فدا ڕاوەستاون ، ده‌كرێ بڵێیت شیاوی وشه‌ی جوانی مامۆستان. 
🔸ئه‌مه‌ هەست و ڕای منه‌ پێی ناوێ كه‌سانێك دڵمه‌ند بن و هه‌ركه‌سێك به‌ پێ ده‌ورانی خزمه‌تی خۆی ده‌توانی ده‌سچینی مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فی خۆیی بكات:

☘️👌مامۆستا و رێزدار : 
١-حسه‌ین حیجازی، هفده‌ساڵ له‌مه‌وپێش له‌ گوندی خوڕخوڕه‌ له‌ چاوه‌ خانوێكدا پێك ئاشنا بووین. كپ و مۆن و بێ ده‌نگ. 
٢-موحه‌مه‌دی مه‌جیدزاده‌ خانه‌ نشین كراو : هه‌ژده‌ساڵ پێش له‌ گوندی حانه‌میران ، زۆرجار میوانی كلاسه‌كانی بووم.
٣- مه‌نسووری حسه‌ین زاده ، نۆزده‌ ساڵ له‌وه‌ پێش لە گوندی ده‌وره‌ قه‌ڵا: زۆربه‌ی منداڵه‌كانی قوتابخانه‌ به‌ فه‌خره‌وه‌ ده‌یان وت ئاغای حسه‌ینی ئه‌و كاورا ئێژی پێغه‌مبه‌ره‌ و منیش لام واییه.
٤-كورده‌وانی فه‌رجی : یه‌كێ له‌ دۆستانی هاوكار ده‌ی فه‌رموو ئه‌شا ئه‌و ناوه، كاتێ ئێمه‌ ناومان عابید و عه‌دنان و عه‌لی بوو تۆ ناوێ ده‌گمه‌نیان لێ ناوێ ، وه‌ڵڵا برا به‌غێڵیمان پێت دێت، بۆ ناوت و ئەو هەموە جوانیتە.
٥- موحه‌مه‌دی فه‌تاحی 
٦- ڕه‌حمانی میران
٧- ناسر ڕه‌حمانی: له‌ بابه‌تێكی جییادا به‌ ناو " زووزه‌نه‌قه‌ی نه‌تاشراو" باسی ده‌كه‌م.
٨- هیوا مه‌حموودی، لە نووسینکدا بە ناو بزەی ڕادیکاڵەکان باسم لێکردە. 
٩- له‌یلا فه‌لاحی - خاتوونێك له‌ په‌ڕه‌ی گوڵ گوڵ-
١٠- ئیبراهیم سۆفی مه‌حموودی.
١١- مه‌سعوودی حه‌ق ته‌ڵه‌ب" خرپنه‌ كوڕێكی له‌ به‌ردڵان.
١٢ سه‌لاح ئه‌مینی
١٣- موحسین حه‌ق په‌ره‌ست
١٤- هێمن ئه‌مینی : تازه‌ بوته‌ مودیر خۆزگه‌ ساڵێك ئه‌بوویته‌ مودیرم تا ڕاوی پێكه‌نیتم بكردایه‌ت.
١٥- ئه‌حمه‌د فه‌تاحی: داییم بۆ سه‌لماندنی یاساكانی په‌روه‌رده‌ به‌ڵگه‌ێكی ده‌رهاوردایه‌ت.
١٦- فه‌ریدوون گوڵباخی. 
١٧- رزگار لوتفی، 
١٨- لوقمان ئه‌ڵڵا مورادی: زۆر كه‌س پێمان ده‌ڵێن به‌ یه‌ك ناكه‌ون به‌ڵام ئه‌م شاعیری كتێبی گوڵاڵه‌ گه‌زیزه له‌ ڕۆحمداییه‌.
١٩ حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵازاده . قیت و قنج و وه‌رزشوان.
٢٠ عێزه‌ت به‌راتی : له‌ سوونه‌ته‌ زۆرجار شاهێد بووم نان و ڕیازی ده‌خوارد.
٢١- عه‌دنان گه‌وێڵی كێڵانه‌. 
٢٢- عه‌لی موباره‌كه‌ی
٢٣- حه‌یده‌ر سه‌عیدی
٢٤- نیشتمان حسه‌ینی
٢٥- موحه‌مه‌دی ئارمه‌ند. ( كڕۆنا له‌ ماچكردنمانی خست) له‌ بابه‌تی: له‌نگه‌ره‌ گه‌وره‌كانی پشت دیواری مه‌كته‌بی ڕووخاو باسم كرده‌.  
٢٦-عه‌باس عه‌لی پوور(ئه‌م كابرا هه‌ر عه‌ین شێعره‌كه‌ی سۆهراب سپێهری : به سراغ من اگر می آیید
نرم و آهسته بیایید
تا مبادا که ترک بردارد
چینی نازک تنهائی من" هه‌تا لی نزیك نه‌بیته‌وه‌ نای ناسیت. له‌ بابه‌تی: له‌نگه‌ره‌ گه‌وره‌كانی پشت دیواری مه‌كته‌بی ڕووخاو باسم كرده‌.  
٢٧- حامید ئاسیابانی " بێژی ئه‌م كابرا كوڵكه‌و مه‌ره‌زی به‌ كام ته‌شی ڕێسرابێت؟" خوا بۆ موعلیمی تاشیەتی.
٢٨- حه‌مدیه ئیسماعیل زاده
٢٩- ئه‌مجه‌د كه‌ریمیان.
٣٠- لوقمان ساڵحزاده ، حاجی........

٣١-به‌همه‌ن گه‌ڵاڵی. له‌ چیڕۆكی بێهلول و دێهلوولدا باسم كرده‌.
٣٢- ڕه‌شید سوڵتانی: له‌ بابه‌تی پیاوێك له‌ ڕه‌گه‌زی خۆردا باسم كرده‌.
٣٣- حسه‌ین حسه‌ینی ده‌وڵه‌ت قه‌لعه‌
٣٤- حه‌سه‌ن ناسری پوور
٣٥- سەیفوڵڵا مه‌سعوودی.
٣٦- سالار شه‌ریف پوور.
٣٧- شهریاری ئیمتیازی. لە بابەتێکدا باسی جوانییەکانیم کردە.
٣٩- بێهزاد ئه‌مینی
٤٠-موحه‌مه‌دی گه‌نجی.
٤١- ئیبراهیم حافزی
٤۲-هیوا سەلامی
٤۳-موحەمەدی وەلی پوور، کپ و بێ دەنگ و پڕ لە کەڕامەتی ئینسانی.
٤٤-عەدنان یار ئەحمەدی
٤٥-نەوید ساڵحی
٤٦-عەلا واعیزی ، پیاوێکی هەمە چەشن و دەس ڕەنگین.
٤۷- بێهرووز حەیدەری.

🔸لێره‌دا  هەڵکشان بەرەو چل و دوو ساڵ  ته‌مه‌ن ، منی لێوان لێو کرد له‌و خۆشه‌ویستانه‌ی كه‌ ده‌توانم بیانخه‌مه‌ نێو مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فه‌وه‌. 

🔸لیستی سه‌نگه‌ره‌ی شەرەفی ئێوه‌ چۆنه‌؟...................
@asoyzhyanisaheb

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 12:5 | لینک  | 

🔸بۆ گۆزە کڕین دەچوومە لای گۆزەکەرێک
سەد گۆزە بە من پێکەنی، هەر یەک لە بەرێک
ئێمەی وەکوو خۆت ئەبەی سبەینێ خۆشت
وەک ئێمە دەبی بە گۆزە لای بێخەبەرێک. 
(خەییام وەرگێڕانی مامۆستا هەژار) 

🔸لەم ڕۆژانەدا باو باوی کووپە پەنیر داگرتنە، کاتێ دەیان سەنیت،سێ ناویان هەییە، جەڕەی گەورە، نیو جەڕە، زاواخڵەتێنە ، کاتێ لە چاڵ دەری دەهێنی پەنیری کووپەی پێ دەڵێن.

 🔸کاتی کابانی ماڵ مەنجەڵی شیر لە بان ئاگردان دادە مەزڕێنێت، مایەی شیری تێدەکات،قەدیم شیلاوکیان تێ دەکرد کە لە ڕیخۆڵەی حەیوانە وردە درووستیان دەکرد و ئێستە دەرمانی گیراوە و ئامادە،پەسای پەنیری پێ دەڵێن،
کاتێ شیرەکە دەڵەمە بوو،لە سەر ئاور دایدەگرن و دەڵمەکە لە ناو ئاو سزی دەردەهێنن، بە خوێی زبروە دەیگووشن و دەیکەنە پەنیری سەلک،بۆ ماوەی سێ چوار مانگ لە ئاو و خوێدا هەڵی دەگرن،دوایی لە سەرەتای جۆزەرداندا، پەنیری سەلک لە ئاو دەخووسێنن با نەرموە بێت .دوو سێ کەس،ڕنە و کوتەکەی لێهەڵدەگرن و وردی دەکەن لە پێشووتردا لە سەر پنە بە قەنەشکێن دەیانکوتا، وەستای کووپە داگرتنەوە ،جەڕەی لێ دەشێڵێت.
 🔸 مانگێ زووتر چاڵە پەنیری بۆ خاوێن دەکەنەوە، تا خۆر بیگەزێ ، بەردی ساف لە ژێرەوە دادەنێن و ئەمجار جەڕەکە سەرە و نخون دادەنێن، لە قەدیمدا، سەر جەڕەکانیان  بە گەڵامیو،مووی بزن و قوڕە سوورە سواخ ئەدا ، ئیستە بە بستێک خامی سپی سەرەکەی دەپێچن، دایدەنێن و خۆڵی تەڕ و شێداری تازەی لە سەر دەکەن،دڕەنگانی پاییز و زمستان  بە ئیشتیای دڵ بابۆڵە پێچی دەکەن و دەفەرموون: "کەمی تێکە و وردی جاوە ، لەزەتەکەی ها لە دواوە" 

🔸وێنەی کووپە داگر: کاک عەبدوڵڵا درەخشانیان ، ساحێب.

🔸کولتوور و ژیان: عابید حسەینی.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 12:4 | لینک  | 

دایەڕابێ و هەموو شێرەژنانی کوردەواری.

✍بیرەوەری ئەو گەورانەی نەیانزانی منداڵی چییە و چۆنە. 
عابید حسەینی

🔸ئه‌نگوسته‌ چاوی به‌یان،بووڵێڵی دایه‌گه‌ورێكی خڕ وخۆڵی بچكۆلانه‌ و سێكوچكه‌ی ئاگردانێكی ڕه‌شداگرساوی گۆشه‌ی حه‌سارێكی خوار و خێچ و خڕه‌به‌رداوی، 
باڕه‌باڕی مه‌ڕ و ماڵات و ده‌نگی زه‌نگۆڵی مه‌ڕه‌سه‌ره‌ و بۆڕه‌ بۆڕی مانگا سوور و گاوگۆل، ده‌نگه‌ ده‌نگی كاسبكاری به‌ره‌و شاخ و جه‌نگه‌ی گیادوورین و كه‌مای كوێستان كه‌ندن، شه‌غره‌لێدان و چاشت و دیسان ژنێكی پیتۆڵ و بەزیپەک و زاکۆن ، پاتۆڵ شۆڕی سه‌روپێچ شێواو.
 🔸هه‌ناسه‌ بڕكێیەتی، ئه‌بێ مه‌ڕكانمان پێشڕه‌وه‌ی مه‌ڕی ئاوایی بن و نابێت ته‌پ و تۆزی ڕێگه‌خۆڵه‌پۆته‌كه‌، به‌ر ده‌م و چاوی مه‌ڕه‌كانمان بكه‌وێت. 
🔸دیسانه‌وه‌ چاره‌كه‌نان و هه‌مانه‌ و شیشه ماسێكی خه‌ستی مه‌ڕ و په‌لی منداڵێكی قژ ئاڵۆزی ره‌نگ بزركاو له‌ خه‌ونێكی خۆرنه‌گه‌سته‌ی ده‌م به‌یاندا ، ها به‌ده‌ست پاتۆڵ هه‌ڵكێشراوێكۆ ،به‌ گوڕێكی ده‌ماره‌كانت ڕه‌ق ده‌بن، ده‌گوڕێنی به‌ سه‌رت دا و هه‌سته‌ هه‌سته‌ ئامانت لێ ده‌بڕێ و خۆكێشانه‌وه‌ و خۆبادان و جینگڵ خواردن مانایی نییه و ته‌نیا قنجه‌پا قیت بوونه‌وه‌ و بێ دم وچاو شۆردن و ڕێپۆق داماڵێن ،کرژ و زیتەڵە بوون باو و مەیلی دایەگەورەییە.
🔸شووڵێكی ناسك و هه‌مانه‌ نانێكی گونیه‌گوش و كترێك و دوو پرێسكه‌ی پێچراوه له‌ قه‌ن و چایی و شیشه‌ماستێك و یاڵا كه‌وشی که‌لاجزی لاستیقی لێ هه‌ڵكێشه و بابۆڵه‌كه‌ره‌ی هه‌ڵخوشاوی نانی ئاوكراوی ناو ناندین كه‌ هه‌ر لقێكی بۆ لایه‌ك ڕۆییشتە و ده‌ڵێی چه‌قه‌بییه لپی ده‌ركێشاوه ، بیده‌ره‌‌ به‌ر قه‌پاڵ نه‌ زوان بۆی خڕده‌بێتۆ و نه‌ لێو دەیپێکێ.
🔸دیسان وانه‌ی دایه ڕابێیه، ده‌بێ ئه‌ڵقه‌ی گوێتی بكه‌یت،  نابێت به‌رغه‌له‌كه‌ت بكه‌وێته‌ پشت سه‌ر به‌رغه‌لی ئاوایی و گوناحبار ده‌بیت و خوێڕی بوون و به‌قڕدان و زۆر شتی تر ده‌خزێته‌ نێو بابۆڵه‌كه‌ره تۆزگرتوه‌كه‌ت ،مله پیچكه‌‌ باریكه‌ بۆره‌كه‌ت ئه‌وه‌نه‌ به‌ دوایی كۆكردنه‌وی بابۆڵه‌ هه‌ڵخووشاوه‌كه‌ت هه‌ڵسووڕانه‌ لاتراسكه‌ی دێت.  🔸ده‌بێ تا خۆروبان گه‌رم دانه‌هاتوه له‌ ئاوای ده‌ركه‌وی، ده‌نا دایه‌ ڕابێ هه‌رچێك تانه‌و ته‌شه‌ره‌ بارت ده‌كات " به‌ خاسه‌ خاسه‌ گوی كرده‌ كاسه‌" چاوسه‌ره‌مه‌گه‌زی وا لێهاتوو" زه‌رده‌ڵێ بابرده‌ڵه‌ و....
🔸ئێوارانیش بۆت نییه هه‌رخۆر داهات به‌رغه‌ل ڕاپێچی ماڵه‌وه‌بكه‌یت ده‌بێ به‌ ده‌مه‌له‌وه‌ڕ و به‌ لاپاڵه‌كاندا، كه‌مێك زووتر له‌ ڕانی ئاوایی بگه‌یته ماڵۆ.
🔸هه‌ر به‌ده‌م تەپ و تۆزه‌وە ئه‌بێ تا‌ماوا ئاماده‌بكه‌یت و خوێ له‌ به‌رده‌ خوێ ڕووبكه‌یت و تا مه‌ڕی ئاوایی نه‌هاته‌ بەرخ و کاژەلە ڕاپێچی كۆزه‌كه‌ی خۆیان بكه‌یت و درگا لە گرێژنە دەرهاتوەکە کە ڕزاویشە بە لەتە گوریسێک لە مل کەڵە بزماڕێک توند بکەیت و توند دایبه‌خه‌یت. 
🔸كاتێ به‌رایی مه‌ڕی ئاوای ده‌گاتە بەرۆ، ئه‌بێ بچیته‌ به‌ردرگای ماڵ به‌ وشەی ،گورێ گورێ كردن،  مه‌ڕه‌كانی ماڵی خۆتان بانگهێشتی ماڵه‌وه‌ بكه‌یت، نه‌كا یه‌كێكیان ته‌ره‌ بێت بچێته‌ نێو مه‌ڕی ماڵان. 🔸ئه‌مجار بە گەڵەگەڵ مەنجەلە پڕ لە سزی سارده‌وبووی په‌نیرە ده‌ڵمه‌گوشراوه‌كه‌ی به‌یانی کە لە سەر ئاگری تەپاڵە دانراوە و کەشکی لێگیراوە، بده‌یته‌ مانگا شه‌ماڵ.
 🔸لەو سەر و بەندەدا، گوێ هه‌ڵخستن بۆ گه‌مه‌ی منداڵه‌ورتكه‌ی ئاوایی ساتێک دەتخاتەوە بیری منداڵ بوونت ، بۆت نییه بچیت، هێشتا كاری دایه‌گه‌وه‌ كۆتایی نه‌هاته‌ و ده‌بێ مل مه‌ڕه‌ ڕه‌ش و مه‌ڕه‌ كه‌ڕی و قزڵ و بوره‌ و یه‌ك گوان و هه‌ر مه‌ڕ و ناوێكی هه‌یه‌ ، بگریت و  ڕاكێش ڕاكێش بیهێنیته‌ به‌رده‌م دایه‌ و جارجار مه‌ڕه‌كه‌ به‌ خۆوەیه‌ و هێزت پێ ناشكێت بیهێنیت و دایه‌ به‌ قاوله‌مه‌ شیره‌كه‌ی كۆمه‌كۆم نه‌كا بڕژێت دێته‌ لاپاڵی مه‌ڕه‌كه‌ و خوژ خوژ  ده‌نگی دووشینی مه‌ڕ سه‌رنجت ڕاده‌كێشرێته‌ ناو قاوله‌مه‌ شیره‌ پڕ له‌ كه‌ف و تۆقله‌كراوه‌كه‌.
🔸بڕێ له‌ ئێواره‌كان وه‌ك پشیله‌ خۆت مڵاس ده‌ده‌یت و بێ گوێدان به‌ هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی دایگه‌وره‌ ده‌رده‌چیت بۆ ناو هه‌تیمیه‌ل ئاوایی و دایه‌گه‌وره‌ و مه‌ڕه‌كان بەجێ ده‌هێڵیت و دایه‌گه‌وره‌ ناچاره‌ ده‌سره‌یه‌ك حه‌ڵقه‌ بكات لە ده‌س خۆیی و ده‌یخاته‌ مل مه‌ڕه‌كه‌ تا ڕاوه‌ستێ و بیدۆشێت و تۆیش تا تاریكان و نان خواردن خه‌ریكی حه‌لمه‌جووزێ وشه‌ڕه‌شه‌پانییت، به‌ مله‌تاتكێ و پسكان پسكان له‌ حه‌یوه‌ت قسه‌ی دایگه‌وه‌ره‌ و هێرشی چاوێ گه‌وره‌كان خۆت له‌ سووچێك ده‌خنیت و لاره‌مل لارده‌بێتۆ و هه‌ر وا چڵكن و پڵكن وقاچت قەتماخەی بەستە و بێ نان وچا ، خه‌و ده‌تخات به‌لادا.

🔸 هەر وەک ئەم شێعرە بەرزەی مامۆستاهێمنی نەمر :

"ڕێگە سەخت و کەند و لەند و پڕ لە هەڵدێر و گەوەس ، هەر دەبێ ببزووی، دەبێ بکشییت ، وچانی لێ نەدەیت"
abed547.blogfa.com

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 17:49 | لینک  | 

🥣تیكه خۆشه !

✍عابید حسەینی

🔸یادی به خێر بێت یان به‌خێر نه‌بێت نازانم چۆن بێژم كاتی منداڵی ئێمه هه‌ر كاتێ گۆشتاومان بوو .چێشتمان به ئیشتیایی دڵ تریت ئه‌كرد و دوو پله‌ گۆشتمان به‌ر ئه‌كه‌وت دامان ده‌‌نا بۆ دواتیكه‌ و پێمان ئه‌وت تیكه‌خۆشه. 
🔸خۆشك و برا جارجار چاوچنۆكیمان ئه‌كرد و بیری گزه‌ وفزه‌دان له‌ مێشكماندا وه‌گه‌ڕ ئه‌كه‌وت.  بۆ گاڵته‌یش بواێی چنگێكمان له‌ پله‌ گۆشته‌كه‌ی ئه‌وانی تر ئه‌دا . زاق و زیقمان به‌یه‌ك ئه‌خست و هاڕه‌شه ‌و گوڕه‌شه‌ی باوك و دایك دای ئه‌مركانینۆ. جا خاڵۆزایه‌ك له‌ خۆم ناڕه‌سه‌ن ترم هه‌بوو  له‌ من گزه‌ون تربوو وه‌ك پشیله‌ی سمێڵ كرۆشته‌ داییم له‌ مڵاسدا بوو،وه‌ك چزووی برووسكه‌ێك پله‌ گۆشتی برژاوی لێ حه‌شار ده‌دایت و بزری ده‌كرد و قیت وقنج خۆی لێ هه‌ڵه‌ده‌كره‌ كه‌ ئه‌ننه‌هوو مێشێك میوانی نییه. 
 🔸زۆر جاریش ده‌ترساین نه‌كا له‌ناكاو كه‌سێك بێت وئه‌بێ به‌شی به‌ده‌ین .هه‌ر ده‌نگی دریا ئه‌هات گۆشته‌مان به‌ په‌ڕتاو ئه‌ماڵێه‌ نێو ئاشی ده‌مان وا ئه‌مان هاڕی، به‌زه‌یمان به‌ گه‌رووی خۆماندا نه‌ده‌هات ،واچاومان ده‌رئه‌په‌ڕی وه‌ختابوو بخنكێین. 
🔸تیكه‌ خۆشه بۆ من له‌ سه‌ره‌تادا ڕووی ئه‌دا .هه‌ر یه‌كه و هه‌ڵپه‌ گۆشته‌كانم  ده‌ماڵێو و لێساولێسم ده‌كرد ئاوه‌كه‌یشم ده‌كرد به‌ شوێنیدا تریت ومریتم نه‌ده‌زانی. كاتێ مریشكمان بوایه سینه و ڕانەکانی به‌ر گه‌وره‌كان ده‌كه‌وت و ئێمه‌ش پشته قنگه‌ڕه‌قه‌ ومله‌قۆچه ده‌سی ماچ ئه‌كردین. جا من زۆرم بۆ دایه‌گه‌ورم ده‌هێنا و ده‌موت ده‌بێ سینه‌م بۆ تێكه‌یت. پشته‌ ڕه‌قه‌ی مامره‌ بۆرم لێ ببوه سینه وشه‌ڕم له‌سه‌ر ده‌كرد. وام ئه‌زانی ئه‌وه‌ سینه مریشكه.
🔸ئێسته‌ منداڵی ئێمه‌ هه‌موو ڕۆژێك وهه‌مووساتێكی تیكه‌ خۆشه‌یه‌. به‌ڵام هه‌ر جیقه‌ وفیقه‌ی دێت. نه‌ك به‌شی خۆیی به‌شی بابیشی  ده‌‌ماڵێتۆ.
abed547.blogfa.com

@asoyzhyanisaheb

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 13:25 | لینک  | 

🔸قەپە گۆڵ

✍عابید حسەینی

🔸وێڕای دوو هاو پۆلی خۆم كه‌ دایكی هاودێییم بوو و كوڕێكی تر به‌ ناو نووره‌ددین كه‌  -ئێسته قه‌ڵوه‌ و خپه‌ره‌ بوه‌ و من ناناسێته‌وه‌ - له‌ سه‌ر مێز و نیمكه‌تی له‌ق و لۆق و زۆركه‌س ناسراو ، سێ نه‌فه‌ری له‌ پێشه‌وه‌ وه‌ك بووچكه‌له‌ی كلاس و نووساو به‌ دیوار و ته‌خته‌ی ده‌رس داده‌نیشتین ،پۆل به‌و شێوازه‌ قرخه‌چن كرابوو، هه‌موو منداڵی خوار و خێچ و درێژ و بۆر وه‌ك شه‌تڵه‌ ته‌ماته‌ی كه‌ردوو ڕه‌دیف كرابووین و مامۆستاێكی داماو بێت چل كه‌سی بزۆز و ناڕه‌سه‌ن و چڵكن و بۆڕ هه‌ریه‌ك له‌ بنه‌توێك،  ڕابهێنه‌ و ده‌رس مانای نه‌بوو .  پێم وابێ ئه‌و وشه‌ی منداڵه‌ له‌ خۆوه‌ سازنه‌كراوه‌ وه‌ختی گوترا منداڵ یانی من وه‌ك داڵ وام. 
🔸مامۆستاێكی وانه‌ی علومان هه‌بوو ده‌ستی ده‌خسته‌ نێو نیفۆكی پانتۆڵه‌كه‌ی و قامكه‌‌ كه‌ڵه‌ی له‌ ژێر پشتوێنه‌كه‌ی توند ده‌كرد و چوار قامه‌كه‌ی تری له‌ سه‌ر یه‌ك كاتێ ئه‌‌یوت – ئه‌سڵێ مه‌تڵه‌ب ئینجاست- ده‌یدا به‌ سه‌ر زگه‌ هه‌ڵماسیوه‌كه‌ی كه‌ له‌ ژێر پانتۆڵه‌كه‌یدا ته‌پۆڵكه‌كه‌ی كاتێ ده‌ینووسانده‌ مێزه‌كه‌ی ئێمه‌وه‌ وه‌ك ته‌پڵ دیار ده‌كه‌وت،  له‌و كاته‌دا سه‌رقاڵی  وانه‌ گوتن ده‌بوو لۆێه‌ك له‌ بەنه‌خوێنه‌كه‌ی ده‌ر ئه‌هات و توند خۆی ده‌چه‌سپانده مێزه‌ سێ نه‌فه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌، ئێمه‌ش سێ كه‌سی ته‌نیا تماشای ده‌ستی مامۆستا و به‌نه‌خوێنه‌ شۆربوه‌كه‌مان ده‌كرد ، وانه‌ی علوومی چی و  شتی چیی  هه‌ر گاڵته‌ به‌ علووم ده‌كرا و تێكه‌ و لێكێك بوو ئه‌وسه‌ری ناپه‌یدا یه‌كێك ده‌یمیاواند و یه‌ك ده‌یوت ئاغا پڵتۆك له‌ گوێم ئه‌ده‌ن. 
🔸له‌ پڕ قه‌رمه‌شه‌یه‌ك دای له‌ مێشكی كاكی دایك هاو وڵاتیم ، ئه‌و مێز و نیمكه‌تانی ئێمه‌ مێخی پانچكراوی پێوه‌ بوو هه‌ دوو سه‌ره‌كه‌ی پانۆ ده‌بووه‌ و كاتێ شل وشه‌وێق ده‌بوو ده‌رنه‌ده‌هات،  به‌ ئیسپایی و چاو له‌ سه‌ر ، ده‌ستی برد دۆخێنه‌ به‌ربووه‌كه‌ی مامۆستای له‌  ملی مێخه‌ شه‌وێقه‌كه‌ی مێزه‌كه‌ گیردا و خۆمان بێ چركه‌ مت كرد و پیشكه‌ پیشك ده‌م خۆمان لێ ده‌قووچاندو ملمان توند ده‌كرد و له‌ ژێر لچه‌ هه‌لقورتاوه‌كانماندا جارجار له‌ حه‌یوه‌ت ئه‌وه‌ی تماشایی یه‌ك نه‌كه‌یین سه‌رمان له‌ مابیه‌ن هه‌ردوو ده‌ستمان توند ده‌كرد و ده‌پیشایین. 

🔸مامۆستا كاتێ ڕووی وه‌رگێڕا بۆ لای ته‌خته‌ سیاكه‌ ، میزه‌كه‌ به‌ دواییدا كێشرا و به‌نه‌خوێنه‌كه‌ی درێژ بوه‌ و كه‌لاس له‌ ژێر لرقه‌ و تریقه‌ و قاقای یه‌كبیندا ته‌قییه‌وه‌ . مامۆستای  ده‌س گیركراو له‌ دۆخینه‌كه‌ی چاوی په‌ڕییه‌ ته‌وق سه‌ری و خۆیی لێ ڕاپسكاندین و شه‌ق و زللە كه‌وته‌ گه‌ڕ و كلاس شله‌ژا و مامۆستا سوور ره‌نگاڵه‌كه‌ی ئێمه‌ وه‌ك فیشكه‌ شێته‌ ده‌یزیكاند و ده‌ی قرماند و ئێمه‌ش به‌ پاڵه‌ په‌ستۆ ، هه‌لێره‌ ها له‌وێ قه‌زات له‌ماڵم ،شان داچه‌كاو كراس هه‌ڵته‌قاو ئاوقه‌ی ده‌فته‌ری مه‌دره‌سه‌ و بگره‌ و به‌رده‌ و بكوژ و ببڕ كرایین ،مه‌قۆ مه‌قۆ و ده‌س نیشان كردنمان بوه بنێشته‌ خۆشه‌ی منداڵۆكه‌ی ده‌م داچه‌كاو و منیش چاوشێنێكی مل بۆری خۆرگه‌سته‌ی سه‌ر تاشیاوی كراس دڕیاو ، تازه‌ له‌ ده‌س به‌رغه‌ل له‌وه‌ڕاندن هه‌ڵهاتبووم وێڕای دوو زه‌رگه‌ته‌ چاوداشۆڕیاوه‌كان تر ملمان داخستبوو  لووشكه و بۆڕه‌‌یان ده‌هات. 
🔸به‌رپه‌رسی قوتابخانه یان مودیر به‌ڕێز مووكری بوو. شووڵی هاورد و ده‌س هه‌ڵێنه و قسته‌ كوشت له‌ لپ و پانتای ده‌س و فڕكه‌ی توێكڵ وله‌ت بوونی تووڵه‌ شووشه‌كه‌ و قیژه‌ی بێ ئه‌مانی وه‌ی باوه‌كه‌رۆ وجووته‌پا هه‌ڵخستنه‌وه‌ و ده‌س له‌ ناوگه‌ڵ تووندكردن و ئازاری له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر و هێرشی له‌ په‌ستای تووڵه‌ بۆر بۆ قاچ و قول و پشووسواری و هه‌ناسه‌بڕكێی كاكی مودیر، هه‌رسێكمانی له‌ كه‌له‌به‌رێكی كومیتێكی نێو ده‌فته‌ره‌كه‌ توند كرد و مووشه‌ مووش و بڵقه‌ بڵق و لۆزه‌وه‌ی فرمێسك و قێره‌ی بێ ئه‌مانی ئه‌و دوانه‌ بڕانه‌وه‌ی نه‌بوو. وه‌ك هاواڵی راسته‌قینه‌ش هه‌رسێكمان رفێقه‌كه‌ی ترمان نه‌دابه‌د‌اوه وهه‌ر وه‌ك پێكۆ پێ ده‌كه‌نیایین، پێكیشۆ ئازارمان چێشت.

🔸له‌ پڕ كاكی مودیر وه‌ك تازه‌ پێمی زانیبێ كه‌ چاوم بێ فرمێسكه‌ و نووزه‌ و گریان و قێڕه‌م ناییه ،حرسی هه‌ستا وتی ئه‌شا ئه‌و چاوسه‌ره‌مه‌گه‌زه‌ خۆ نقی لێوه‌ ناییه‌ت. نه‌وی له‌ په‌له‌م و ڕاكێشان ڕاكێشان و منیش ده‌س تووندكراو له‌ ئه‌ڵقه‌ی كومیتی خه‌ڵاتی وه‌رزشی چنراو ،خۆم نه‌ئه‌دا به‌ده‌ستۆ  و یاری ده‌ده‌ریش بیرم نه‌ماوه ناوی چی بوو هاته‌ هانای مودیر وتی كوره‌ بێ ده‌ر له‌وه‌ سووچه نائینسان كومیته‌كه‌ ده‌خه‌ی ، نه‌خه‌یر په‌لكێشیان كردم و كه‌شیه‌ و گۆنا ڕه‌شداگرساوه‌كان كه‌وتنه‌ مه‌شقی كوته‌ك ، شووڵی تازه‌ ساودراو كه‌وته‌ ده‌ست كاكی مودیر و به ئیشتیای دڵ گوڕه‌شه‌ی ده‌سهه‌ڵێنه‌ بارییه سه‌رما و شووڵ له‌ بان شووڵ كه‌وته‌ ناو لپی ده‌س وتوند شوڵم گرت و متقم له‌ خۆم بڕیی و بێ تنۆكه‌ فرمێسكێك و ده‌س گوزاتنه‌وه و بێ چركه‌ هه‌تا هێزم تێدا بوو له‌ گه‌ڵ شووڵه‌ به‌ ئازار و جرگبڕه‌كانی كاكی مودیری ڕه‌ق هه‌ستاو، به‌ره‌ڤانیم كرد و ملم به‌ چێژی گریانی مودیر نه‌دا.  هه‌تا كرۆشتنی ناخ و سه‌ر ئێسقان ئازارم چێشت به‌ڵام فرمێسك و گریانم له‌ ناخی داهێزراو و پۆنگ خوارده‌وه‌ ده‌رنه‌بڕی. 
🔸كاكی مودیر هه‌راسان و شه‌كه‌ت و ماندوو و بێ ده‌رەتانی و بێ وزه‌بوون، ڕای وه‌ستان و قێڕاندی قه‌په‌گۆڵی به‌رازی به‌رده‌سیمان ساخ ئه‌بێتۆ به‌سه‌ره‌مدا گومبه‌ له‌ به‌رچاوم.  ده‌ریان بكه‌ن ! با بچن بنه‌ماڵه‌یان بێنن !
تا مانگێك شووشی ده‌ستم هه‌ستابوو و هه‌رچڵی ئه‌دا و علوومیش فێر نه‌بووم.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 13:18 | لینک  | 

‍ 📚🔸به‌ زمانی جێژبه‌خشی دایكی بچینه‌ نێو ناوه‌رۆكی ئازار نووسین و ده‌رده‌ مرۆڤ
 له ‌ڕۆمانی گۆڕه‌شاری سه‌یی قادری هه‌دایه‌تی و هه‌را تووڕه‌یی( The sound and fury  ) ویلیام فاكنێر به‌ وه‌رگێڕانی به‌جێژی موحه‌مه‌دی ڕه‌مه‌زانی. 

✍عابید حسەینی

🔸"بڕوانه‌ له‌ڕووی گه‌ڕانی گه‌ردوون 
  جارێك بزه‌یه‌ ده‌جار گرژ بوون.
تووشی ببو ده‌ردی گۆڕه‌شارێ        
 هه‌ر تاوه‌ هه‌زار چه‌لان نه‌ جارێ"
 (مه‌م و زینی خانی مامۆستا هه‌ژار)

🔸بۆ ده‌رد و ئازاری زۆر( گۆڕه‌وشار ) ئازادی مۆنۆلوگ بێژ له‌ ئاپۆڕه‌ی خوێن و ده‌نگی كه‌ره‌سته‌ی دیالێزی خه‌سته‌خانه‌ و له‌ده‌لاقه‌ی ئیمۆجی و ستیكێری تیلگرام و هه‌واڵی ڕووكه‌ش و په‌یتا په‌یتای شووشه‌بریقه‌داره‌كه‌وه‌ كاتمان زه‌وت و چركه‌ بڕده‌كات. له‌ گه‌ڵ ده‌نگی سه‌رده‌م و له‌ گه‌ڵ كه‌سانی كه‌م ئه‌ندامی كومه‌ڵگادا ده‌چینه‌ ناو بێتاقه‌تی ئازار و گۆڕه‌ ده‌سكرده‌ زه‌به‌لاحه‌كی ناخی خۆمان له‌ شیله‌نگی ته‌سكی ده‌زگای دیالیزه‌وه‌ به‌ ڕه‌گه‌ ئه‌ستووره‌كانی ئازادا  بۆ كوشتنی كات و بۆ ئاهنگی زه‌مه‌ن ده‌گڕێین و له‌ نێو بۆشایی قولۆراویی موبایه‌له‌كانه‌وه‌ نیشتمان و كاره‌سات و ئازار ده‌گێرینه‌وه‌.

🔸 كاتێ مشتم له‌گۆڕه‌شار گرت و مرخم لێ خۆش كرد و بێ هه‌دادان و یه‌ك بین بێ سرت و خورت له‌ نێو لاپه‌ڕاكانیدا نوقم بووم و لە ڕسته‌ كو‌رت و پچڕ پچڕه‌كانی ڕامام،  ته‌نگه‌تاو و وه‌ڕه‌س و جارز بووم. بیری ڕسته‌ و ناوه‌رۆكی هه‌را و تووڕه‌یه‌كی ویلام فاكنێر و كه‌سایه‌تی دیسان كه‌م ئه‌ندامی بینجامین  و چه‌له‌حانێی بنه‌ماڵه‌یی له‌ سه‌ر ته‌وه‌ره‌كانی ڕۆژ وای سه‌لماند لام ئه‌م ئازادی جسته‌ شیتاڵكراوه‌ی گۆڕه‌شار شێوازێك له‌ هه‌مان بینجی كه‌سایتی ڕۆمانه‌كه‌ی ویلیام فاكنێره‌ كه‌ له‌ ده‌لاقه‌ی تێلگرامه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ زمانی ساكاری خۆماڵی وسه‌رده‌میانه‌تر و بێ گرێ وگۆڵی فه‌لسه‌فی له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌دوێت.
به‌ڵام ده‌بێ به‌ كاك قادر هه‌دایه‌تی  بڵێین – گابۆڕ- چێژێكی تری هه‌بوو . دووپات بوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی ئێمه‌ی كورد له‌ڕووی گرفت و به‌ربه‌سته‌كانی وه‌ك كه‌سی دوو یان سێیش زیاتر له‌ ئاستی شارۆمه‌ندیدا به‌ ڕای هه‌ندێك له‌ دۆستان وه‌ك گیركردن بۆ ناو نانی منداڵه‌كان به‌ دڵخوازی خۆمان- باسه‌ هه‌نۆكه‌یه‌كانی بوونی ده‌مارگرژیی ئاینی  هه‌مان باسه‌كانی گابۆڕن و ده‌ق بازی و ئیمۆجی گۆڕكێ به شێوازی گۆڕانی فۆرم و گێڕانه‌وه نه‌یتوانی لای من خۆشه‌ویستی گابۆڕ كه‌م كاته‌وه‌ . 

🔸له‌ ده‌لاقه‌ی كتێبه‌وه‌ و به‌ قه‌ڵه‌می جوانی سه‌رده‌میانه‌ له‌ كتێبه‌ كوردیه‌ به‌ چێژه‌كان چێژ وه‌ربگرن ، درووس بوونی كۆمه‌ڵگای هوشیار و زانا به‌ خۆڕایی سه‌ر ناگرێت. خوێنی دڵی ئازاده‌كان و قه‌ڵه‌می پسپۆڕانی ده‌وێ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ، له‌ گۆڕه‌شار و گابۆڕ و هه‌را و تووڕه‌یی خۆ نه‌بوێرن باسی ئازاره‌كانتان ده‌كه‌ن و كات و كات و كات له‌ بیر نه‌كه‌ن.
📎abed547.blogfa.com

📚@asoyzhyanisaheb

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 8:47 | لینک  | 

یادی به خێر بێت یان به‌ خێر نه‌ بێت نازانم چۆن بێژم كاتێ منداڵی  ئێمه هه‌ر كاتی گۆشتاومان بوو .چێشتمان به ئیشتیایی دڵ تریت ئه‌كرد و دوو پله‌ گۆشتمان  به‌ر ئه‌كه‌وت دامان ئه‌‌ نا بۆ دواتیكه‌ و پێمان ئه‌وت تیكه‌  خۆشه  .

خۆشك و برا جارجار چاوچنۆكیمان ئه‌كرد و بیری گزه‌ وفزه دان له‌ مێشكماندا وه‌گه‌ر ئه‌ كه‌وت.  بۆ گاڵته‌یش بواێی چنێكمان له‌ پله‌ گۆشته‌كه‌ی ئه‌وانی تر ئه‌ دا . زاق وزیقمان وه‌ یه‌ك ئه‌خست و هاڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی باوك ودایك دای ئه‌مركانینۆ. زۆر جاریش ده‌ترساین نه‌كا له‌ناكاو كه‌سێك بێت وئه‌بێ به‌شی به‌یین .هه‌ر ده‌نگی دریا ئه‌هات گوشته‌مان به‌ په‌رتاو ئه‌ماڵێه‌ نێو ئاشی ده‌مان  وا ئه‌مان هاڕی. به‌زه‌یمان به‌ گه‌رووی خۆماندا نه‌ده‌هات .واچاومان ده‌رئه‌په‌ڕی وه‌ختابوو بخنكێین. جا من گزه‌ون تربووم  تیكه‌ خۆشه بۆ من له‌ سه‌ره‌ تادا ڕووی ئه‌دا .هه‌ر یه‌كه‌و جا گۆشته‌كانم  ده‌ماڵێۆ. ئاوه‌كه‌یشم ده‌كرد به‌ شوێنی دا تریت ومریتم نه‌ده‌زانی. كاتێ مریشكمان بوایه سینه ولاقه‌كانی به‌ر گه‌وره‌كان ده‌كه‌وت و ئێمه‌ش پشته قنه‌ ومله‌ قۆچه ده‌سی ماچ ئه‌كردین. جا من زۆرم بۆ دایه‌گه‌ورم ده‌هێناو ده‌موت ده‌بێ سینه‌م بۆ تێكه‌یت . پشته‌ ڕه‌قه‌ی مامره‌ بۆرم لێ ببوه سینه وشه‌ڕم له‌سه‌ر ده‌كرد. وام ئه‌زانی ئه‌وه‌ سینه مریشكه.‌‌

ئێسته‌ منداڵی ئێمه‌ هه‌موو ڕۆژێك وهه‌مووساتێكی تیكه‌ خۆشه‌یه‌. به‌ڵام هه‌ر جیقه‌ وفیقه‌ی دێت. نه‌ك به‌شی خۆیی به‌شی بابیشی  ده‌‌ماڵێتۆ. 

 

 

ئێوه‌  چ ده‌ ڵێن؟ ................................................‌

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 20:39 | لینک  | 

ئه‌ م  هه‌ڵبه‌سته‌ له‌ كتێبی گوڵاڵه‌ گه‌زیزه‌‌  له‌ نووسینی كاكه لوقمان ئه ڵڵامورادی  دا هاتوه‌ و   منداڵی ژێر سێ ساڵ ئاوا ئه ی خوێنێ.داگرتن  فیلم    .mp3

یاخوا به فرێ بباری                         حه‌ وشه‌كه‌مان داشارێ

له‌ كوچه‌ چاوه‌ چاو كه‌ م                   رفێقه‌كانم قاوكه‌م

   سازكه‌یین بووكه‌   به‌فریینه‌          وه‌ك پیاوێ ڕاسته‌ قینه‌

 سه‌تڵی بۆ بكه‌ین به‌ كڵاو       دوو دووگمه‌ی بۆ به‌كه‌ین چاو

گه‌زری بۆ بكه‌ین به‌ لووت         ده‌ست و پێكانی جووت جووت

جا كایه كه‌ین به‌ ده‌وریا                 عاقڵ وژیر و وریا.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 0:58 | لینک  | 

ئالێس مۆنرۆ-ی که‌نادایی خه‌ڵاتی نۆبێل بۆ ئه‌ده‌بیات وه‌رده‌گرێت‌.

کۆمیته‌ی نۆبێل له‌ ستۆکهۆلم ڕایگه‌یاند ئالێس مۆنرۆ-ی که‌نادایی براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبێل بۆ ئه‌ده‌بیات له‌ ساڵی 2013-یه‌.
  پێنجشه‌ممه‌ کۆمیته‌ی نۆبێل له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنه‌که‌ مۆنرۆی ته‌مه‌ن 82 ساڵی به" وه‌ستای کورته‌ چیرۆکی هاوچه‌رخ ناوبرد."
شوێن و مه‌کانی زۆر له‌ کورته‌ چیرۆکه‌کانی مۆنرۆ کانادایه‌ و زۆربه‌شی ئه‌نتاریۆ باشوری ڕۆژئاوایه‌.
کاره‌کانی ئه‌و هاوبه‌رکراون به‌ نوسینه‌کانی نوسه‌ری رووسی ئانتۆن چخۆڤ که‌ ئه‌ویش به‌ وه‌ستای کورته‌ چیرۆکان به‌ ناوبانگه‌.
ئێمه‌ كه‌ی به‌شمان ئه‌بێت. زمانی ئێمه‌ چی ده‌وێ تاسه‌ركه‌وێ.
نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 13:22 | لینک  | 

فێرگه ی زمانی كوردی سۆما له شاری ساحێب

 له م بوارانه دا قوتابی وه رده گرێت.

١- رێنووسی ئارامی

٢- رێنووسی لاتین

٣- رێزمان

شوێن : آموزشگاه هه نار      ۰۹۳۷۴۶۶۸۸۸۱

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:3 | لینک  | 

له مێشكم دا هێدی هێدی وڵاتێكت ده سته مۆكرد.

وشه وهه ڵبه ست به یاخێ بوو، ئاسمانت پێ تاپۆ كرد.

ئه مێستاكه له مابه ینی ،چوار به ستۆ كی ته م گرتوودا

رۆحت سپارد به بێكه سی و ماڵاوایت له چرۆ كرد.

 

 

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:23 | لینک  | 

شەوە شێعری شارەکەم ساحێب:


کۆڕی فەرهەنگی ئەدەبی مەولەوی کوردی سەقز بە هاوکاری ئاسۆی ژیانی ساحێب، بەنیازە رۆژی پێنج شەممە 31ی گەلاوێژ (31-5-1392)کاتژمێر 6ی پاش نیوەڕۆ بۆ یەکەمین جار شەوە شێعرێک بە بەشداری شاعیرانی کورد لەم شارە بەڕێوە ببات.

 

تکایه به رهه مه کانتان تا یەکشەممە 20ی گەلاوێژ.به شێوازی دانراو ره وانه بفرموون.

 لەسەر ئیمەیلی ( dymane.seqz@Gmail.com ) چاوەڕێی بەرهەمی شێعری بەڕێزان بە فایلی word و فۆنتی unikurd دەکەین.

ئێره ده لاقه ی دیمانه یه.

هاتن بۆ هەموانە

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 0:38 | لینک  | 

شێركۆ بێكه س و وانه ی مامۆستایی به شێوه ی سه ردمیانه كه قوتابی كارامه بێت و مامۆستا چاودێر.

با "مامۆستا " بۆ خۆی نه دوێ           ( هه ر ندواوه مه ترسه)

تۆ ریحله ی ناو پۆل بدوێنه

پرسیار له كڵۆ   ته باشیر

له ته خته ی ره ش

له ته خسیر

له وشه یه كی كزۆڵه و

له رسته یه كی ترساو و....

پرسیار له خه ریته ی هه ڵواسراو ....

و له بزمار و ، پرسیار له گڵۆپی بنمیچ

له چوار چێوه ی له وحه كان و

له مشكه كه ی كۆمپیوته ر و

پرسیار له لاپه ره ی سپی و

له قه ڵه می دانه دراو و

له ره نگی به جێماو بكه و

گوێش بۆ بێده نگی رادێره !  ( لاپه ره ی ١٨)

 

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 10:49 | لینک  | 

زۆر جار له م و ئه و وه رده شێعری گاڵتاویم به ناو ناحه ز و جوان له نێو کۆڕی دۆستاندا ده بیست که هیین مامۆ ستا حافزی مه هاباتیین. به هه ڵکه وت له کتێب فرۆشیه ک به ر چاوم که وت و کڕیم. ملم له خوێندنه وه ی نا . کاتێ سه ره تا و ژیانی ئه م کابرا بسته زمانم دی ،بێزم له چاوه شینه کانی خۆم هه ستا. بیری وته ی مامۆ ستا هێمن له پێشه کیه که ی شه رفنامه ی بدلیسی که وتمۆ که بۆ مامۆستا هه ژاری نووسیوه و ئه فه رموون:" له سنگه ر دا ویزه  ی گوله به لاماندا گیڤه ی ده هات مامۆستا هه ژار تۆزێک له جێکه ی خۆیی ده بزواو به گوڕ، خه ریکی وه رگێڕانی ئه م کتێبه مێژویه پڕله تویکڵاویه  ده بووه." ئێمه به م کارئاسانییه هه توانی خوێندنه ویشمان نییه. سه روبه ری ئه م کتێبه خۆماڵیه ساکار گۆیه م خوێنده وه. به ده گمه ن گڕێ پووچکه یه ک به ربینت ده گرێ بێ گرێ و گۆڵ و ڕه وان ملی لێناوه و به زمانێکی ساکار به یت و مه ته ڵی پڕبه زاری هۆنیوه ته وه.  زمانی ساکار و خۆماڵی هانت ده دا هه موو شێعره کانی بخوێنیتۆ. ئه م هه ڵبه ستانه بۆ گفت و لفتی خۆش و قسه ی خۆماڵی گه لێک به تام وچێژن و ده کرێ له جانتایی مێشکدا هه ڵیان گری و له کاتی باس و خواسی رۆژانه هانایان بۆ ببیت و زارتی پێ ته ڕکه یت. به ڕاستی ئاوپڕژێنکه ی وتکانت ده که ن و هه ڵگرتنیان به قه د ژیانی شاعره که یان ساکاره و تام و چێژی تایبه تیان هه یه.هه موو ی تامی ده رده کانی خۆیی ئه دات. بۆنی ژیانی چه وت و چه وێڵی له سه ر و گوێلاکی شێعره کانی ده بارێ.

 جار جار وڵات خۆشه ویستی له مابه یین شێعره کانی خۆیی ده رده خات.

به هه شته خاکی کوردستان و سه یرانی به هارانی  

نموونه ی که وسه ر و ئاوی حه یاته چه شمه سارانی.   (بێ چاوی کاری له م شێعره دا نه کردوه.)

ئه ی خوێن مژی گه ل تا زووه بمره

ده ڵێن سه گی هار چل شه وت عومره.

 

 ئیمانی قورس و قاییم به به شی خودا له نێو گله و گازنده له و به شی خودا پێێ داوه دژ به یه ک ده نوێنن. ناڕازیی بوون له به ش خوراوی و ئاستی به رزو نزمی ژیانی جیاوزی کۆمه ڵگا ده نه ی هه ستی ئازار چێشتووی ده دات.

یه کێ تێر ده کا له گۆشت و پڵاو

یه کێ کوێر ده کا به چۆڕێ شۆرباو.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 22:54 | لینک  |