✍️عابید حسەینی
"کاتێ لە کەسێک بێزارین، شتێک لە دەم وچاوی ئەو کەسەدا هەیە کە دەمارگرژمان دەکات، ئەو شتە لە ناخی خۆیشماندا هەیە، چونکوو تا شتێک لە ناخماندا نەبێت، ناتوانێت بمانهرۆژێنێت"
ئەم ڕستانەی ڕۆمانی ،دێمیان، بیری ئەم وتەی دایمەی باوەگەورەم دەخاتەوە، باوگەورم کتێب خوێن و مێژوو خوێن بوو، ئاکار جوان و ڕەوشت بەرز بوو، لە یادمە کاتێک بنەماڵەیەکی گەورە لە دەوری سفرە کۆدەبووینەوە، باسی سەروبەری ئاوایی دەهاتە گۆڕێ و کەس لە دەس دەر نەدەچوو، کێ وای کرد، کێ وای گوت، فیسارە کەس وا و فڵانە کەس بەو شێوازە، چەلەحانە سەر سفرەی دادە گرت، لە پڕ باوە گەوەرەم چوون ددانی لە دەم دا نەمابوو، نانێکی ماڵی دەکردە دوو تیکە و دایمە جێ سەرنج و لاسایی کردنەوەم بوو، لە سەر ئەو تیکە زل گرتەنە چەکێ خاسم خوارد، برۆیەکی سپی و چاوێکی شین و سەوزی هەڵۆی لە ژێر باڵای بەرز و جامانەی مامە کوێخایانە و لووتی بچکۆلەی هەڵۆیی هەڵدەبڕی و دەی کوت:" خۆتان خاسن خاسێ کەچەڵ"، نەی دەهێشت، درێژە بە چێژی هەڵکۆڵینی ژیانی ئاسایی و نائاسایی خەڵک بدەین، قوڕ و قپ سەر سفرەی دادەگرت، ئیستەش ئەو ڕستە بوەتە مەلەکەی مێشکم، لە قسەکردن و بیستی ژیانی ئاسایی و چۆڵە خرتە بێزارم و تاقەتی وردەکاری ژیانی کەسم نییە، گەورە ئاو دەڕێژێ چکۆلە پای تێدەخات، ئەم شێوازە سەرەک کێشان و قسە و قسەڵۆکانە لە ژیانی درۆ و ویترینی خەڵکدا، تەنیا دەردەسری و دڵێشانی بە دواوەییە، بەڵام هەر بە چێژەوە ڕووی تێدەکەین و خۆمانی پێوە سەرگەرم دەکەین، هەرکات لە ژیانی خەڵک مرۆکان بە خۆتان بێژن خۆت خاسی خاسێ کەچەڵ!