اسلایدر

من به ره و ئاسۆ به ره و رووناكی باڵم گرتوه
welcome - به خێر بێن

🔸گێڕانەوەی شاخەوانی ناوازە،
 بە لێدان و پێوانی 15  لووتکەی بەرزی ناسراو بە هێڵە ترۆپک (خط راس)ی چلچەمە،
گرووپی شاخەوانی هەڵۆی سەقز.

✍️عابید حسەینی

🔸لە دڵی هەوراز و نشێوی وڵاتت
هەنگاوی لەشنەوازانە بە سەفەرێکی دووری بێ بنار بۆ دەربازبوونی مێشکی پڕ لە ئازارت، بسپێرە بە خوڕەی شەتاوی بەفراوی کەم و کورتی لاپاڵان و نواڵان.
  زۆر چێژ بەخشە دەستپێکی یەکەم هەنگاوت لە سەرەتای گوندی تەورێزخاتوونی دیواندەرەوە بە  باس لەسەر ڕستەی سەر سووڕمانی کوردییەوە بە هەڵکەوت ساز ببێت، مامە پیرەیەکی گوندی تەورێزخاتوون، کاتێک چاوی بە جلی ڕەنگاڵەی شاخەوانیەکانمان کەوت، کوتی: "بەخێر بین، ئۆغر" کوتمان" دەچینە شاخی هەوازۆ، کوتی :"لە کورسانەوە هاتوون، کوتمان:"نەخەیر لە سەقزەوە هاتووین، وەک سەر سووڕمانێکی عەجایەب و غەریب، کوتی:"حای لاچۆ لە خۆتۆ!!"
 ئەم وتەیە سەرەتایەکی خولقاند، بۆ دەربڕینی ڕستەی سەرسووڕمانی ناوچەیی وەک، " ئارێێێ، کورە باڵێ، جا چۆن!! .سەری قسەهەنگاوی بەرەو  پێکوتەی هەوازۆی بۆ بەدی هاوردین، لە کاتی سەرکەوتن کابرایەکی خەڕەکەی خۆش مەشرەف لە دوورەوە، هەرای لێکردین، و بە دەنگی بەرز و نەقیزە بە دەس بە سەر وڵاخەکەیەوە  لێمان نزیک بوەوە کوتی" ئەرێ سوڵحیان نەکرد، گرانی کوشتمانی! "
لە پەناگەی جوانی شەریف باجوەری نەمر کە بە دەستی شاخەوانانی دیواندەرە بە جوانی ساز کرابوو، یەکەم سفرەی شاخەوانیمان لە سەر لووتکەی هەوازۆ ئاوەڵاکرد، بە نێو لاپاڵ و بۆنی نمی تەرزەی تازە باریوەوە، بۆ ئاوی قومقومە هەڵدێر و گەوە و زنارمان گرتەبەر و بۆ هەشتی ئێوارە لە پاڵ ڕەوزە شاخی مەخمەڵ پۆشی گوندی قزەڵبڵاخی بەرەو دەشتی ساراڵ نزیک لە لووتکەی بەردەڕەشی دوو، هەوارمان خست، پاوپلی کێو کوتمان سپاردە ئاوی کانیاوی بن گزنە و بۆنی پونگە و دڕکە کیوار و گەونەوشکە و هەرجنەوردەمان کردە سکڵی سووری پڕ لە پزووسکی پەنا لاپاڵێکی قەدپاڵی چیای سەوزە پۆشی نیشتمان و یەکەم شەومانی پڕ لە هیلاکیمان بە کوزیلکە بستن، لە دەوری کوانی سێکوچکە، بۆنی کەما بە سەربرد و کیسەخەوی بن گاشەبرد بە سەر برد، کاتژمێر شەشی شەوەکەی کوڵە پڕ لەخۆراکی چوار ڕۆژەمان بە کەل و پەل شاخەوانیەوە لە سار شان و ملی داچەکاو توند کردوەوە و هەنگاومان لە کوێرەڕێی  مەڕکوت بە روە شاخەکانی هێڵە ترۆپک توند کردەوە و لە شاخی بەردە سپی ڕێچکەبەس بۆ شەومانی دوانزە کاتژمێری دیکەی ڕێپێوان تا دۆڵە دەشتی  گوندی دەرەگاوان و بردە زناری سەرەتای ڕێچکە شاخی مزگەوت و میرزا ، ملی ڕێگەی کۆتایمان سپاردەوە ژێر گزە ئاسمانی دۆڵی پڕ لە بەفراوگەی تەژی لە بەفر و کنیواڵ، هەوری ڕەشی بە گریە و ناڵە دڵی داخستین و بیر نەقڵێکی خۆش کەوتینەوە، ئەمساڵ بە هۆی نەبارینەوە، ڕۆژێک جووتیارێک لە دۆڵێک لە پاڵ گژ و گیای دامرکاودا، دڵی پڕ لە کوڵ و چاوی پڕ حەزی بارانی بڕێوەتە ئاسمانی نەزۆک، بەڵام  لرفە و تەق و ڕەوی هەور لە سەر کابرا هەر نابڕێتەوە، لەپڕ، پڕ بە گرووی لە کێوە، دەگوڕێنێ:" دەی خالق !دەی خالق ! بارانێکی بە لێشاو، پڕووزەمان بابردی ، هەر یەکبین و نەپساوە، دەی کوتەوە، دەی خالق! دەی خالق!  لە پڕ هەورەکان ڕەویینەوە و هاژە و هووژەی ئاسمان بە دوو دڵۆپە بارانی قەوەی کۆتای پێهات و کابرای جووتیاری داماویش ، قێڕاندی:"ئەی گو بەکارت خالق ! جا تۆ دینت ئەوە کارە!"
 ئێمەش دەمانکوت:" نەکەی خالق! نەکەی خالق!" نەمانخووسێنی لە ژێر ئەم گەزە ئاسمانەدا.

 🔹بە نیسکاوی پڕ لە گژ وگیای کاک بەهەمەن شەومان سپاردە سەر کۆڵەی پڕ لە لۆگەنە و چەقەلۆ، دیسانەوە هەنگاوێکی دوانزەکاتژمێری دوور و درێژ لە ژێر بای ساردی سەر شاخە سێ هەزار میتریەکان  و لە سەر کێوی ئەستەمی، سۆڵانە سەختە، هەناسەمان لێبڕا و دۆڵی داگڕان بە هۆی بەستنی کێوی سوڵتان ، بە ناچاری کپترین و ڕژدترین دابڕانی سەخت و زیخەڵانمان بەرەو ملەبڕگەی مابەین دووبرا و سوڵتانمان گرتە بەر تا پشت دۆڵەکانی ئاگجە و گۆگجە، بە هەڵگەڕان و هەڵزنان بەرە و دوامەنزڵی شەو، ڕوو لە دۆڵی شاخەهێڵی قوڵی زڵێخا و گاوەڵان ، مەنزڵی پڕ لە هیلاکی سۆڵانەسەختەمان لە کاتژمێر هەشتی ئێوارە سپاردە، بناری چلچەمە، دوایی خەوتن لە پاڵ گابردی دڵی مەنێی قوڵی زڵێخا و لێدانی ئەو دوو کێوە ئەستەمە، بەرەو گوندی دەرەهەوان هەواڵی ئاوی کانی سووری کێوی هەوازۆمان بردە سەر ئاوی کانیاوی کانی سووری شانشین، کۆتایمان بە ڕێپێوانە دوورەکەمان لە کاتژمێر پەنجی ئێوارەی هەینی گەیاندە گوندی دەرەهوانی خوڕخوڕە.

☘️نیشتمان ئاوەدان.  

🏔شاخ پێوانی ناوازە،

☘️"لەژێر ئاسمانی شینا
لە پاڵ لووتکەی بەفرینا
کوردستان گەڕام
دۆڵاودۆل پێوام
نە لە شار و نە لە دێ
نەمدی شتێک
وەک تۆ جوان بێ!
تۆیت و بەس!"

 ✅ تێپەڕاندنی،هێڵە ترۆپک (خط رأس )
          چلچەمە 15 لووتکە.
.
 🔸گرووپی شاخەوانی هەڵۆی سەقز،

     🔹سێ شەو، چوار رۆژ، 

 🔸دەسپێک 14/گوڵان، 
کۆتایی 17هەینی2721 کوردی.

✅کاتژمێر 10 شەوەکی
       گوندی تەورێز خاتوونی دیواندەرە.
کۆتایی 5 ئێوارە،گوندی دەرەهوانی خوڕخوڕەی سەقز.

شاخەکان:
1- هەوازۆ، بەرزایی، 2800 
2-خوڵینە،  بەرزایی2650
3-پشت دەربەند 2560
4-بەردەخاو 2550
5-بەردەڕەشی دوو 2680
6-بەردە ڕەشی یەک 2750
7-بەردە سپی 2730
8-عەرەباری  2600
9-مزگەوت و میرزای یەک 3060
10-مزگەوت و میرزای دوو 3090
11-کەل حەوز 3070
12-سۆڵانە سەختە 3100
14-قوڵی زلێخا 3194
15-گاوەڵان 3181

☘️کەسەکان:

1-سدیق یووسف پوور 
2-بەهمەن گەڵاڵی 
3-ئومید فیرووزنیا
4-عابید حسەینی

 

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 21:1 | لینک  | 

. ✍️عابید حسەینی. کۆشکێک پڕ لە ئینسۆکلۆپیدیای ژیانی باڵەندەکان و خەریتەی گەڕیدەئاسا، باس و خولیای نووسەرێکە، تا زامی چەقۆ هێمن کاتەوە. ئەوینێکی شازادەشێوە دەخاتە کەزیەی کچۆڵە وردەیەکی مێشک جیاواز لە شارێکی قەبارە تەنگ کە تازە خەریکە زار دەکاتەوە. لە قاوەخانەی دانیشتەنەوە خەریکە هەنگاو بۆ داهاتوو بکاتەوە.قاوەخانە ڕەمزی بزاڤ و جوڵەی شارەکان، لە وە دەچێت، دەردێکی کوشەندە بێت. 🔸ڕۆمانی پڕ لە ڕستەی جوان، بە یاداوەری مێژووی زام و دەربەدەری و چەقۆناسانە، جارجارە لێڵای دەخاتە خوێندنەوەت، لە پڕ لە ڕۆمانەکە دەبڕێییت، دەڵێ ڕۆژنامەوان، هەواڵێکت پێ دەدات، بە گریەک دەچیتەوە، نێو خانوێک لای کچێکی نەخۆش،پرسیارێک سەر هەڵدەدا، بۆ کیژێکی جوانی نەخۆش؟ ئایاکوو ئەوین لەم ئاخەدا ئاسایی نییە و ئاسمانی بوون مێشکی پڕژاوی دەوێ، لام وایە، ئەم جۆرە ئەوینانە لەم خاکەدا، کۆتایەکی هەر هەمان ڕەوتی لە مێژینەی وێژەییە و نووسەر پەرداختی کردە بۆ گێڕانەوەی مێژووی زام. 🔸تا مرۆڤ لەم ناوەندەدا بایەخ پەیدا نەکات، پەلەوەریش نرخی نییە، دەبێ باڵەندکانیش ببنە قوربانی مرۆڤی پڕ لە قۆرت و گڕێ کوێرە و ناتەواو. 🔸هەر چەند لە کۆتاییدا بڕیام و پێم وابێ دێرەکان ڕوو لە دووپاتەوە بوون دەکەن و شتێک بۆ ئەوەی دوایی مێشکە پەڕجووی بکات، نامێنێتەوە، بەڵام ڕۆمانووس هێشتا هیوادارە، مرۆڤی ئەم ناوەندە چەقبەستوە، منداڵەکانی وەک ماسیەگچکە ڕەشەکەی ناو زەلکاو، لە دووی گەورەبوونتر و ڕوانگە ڕوونتر بنێرێت. بەڵام بە کاریزمایی ناکرێت و بە هەرەوەزی دەبێت، ناوەرۆکی داتەپیوی کۆمەڵگا چارەسەربکرێت، 🔸چەند ساتێکی ژیانتان لە گەڵ کۆشکی باڵەندە غەمگینەکانی بەختیار عەلیدا ببەنە سەر.

نوشته شده توسط ‌هێمۆ در ساعت 23:47 | لینک  |