🔸شكسپیر سانت( غه‌زه‌ڵێكی) هه‌یه به سه‌ردێڕی:
When forty winters shall besiege thy brow,
And dig deep trenches in thy beauty's field,
Thy youth's proud livery so gazed on now,
Will be a tottered weed of small worth held:
🔸كاتێ كه سه‌خڵه‌تی چل زستان توێڵت دابگرێت.
هێڵی پڕشه‌قڵ ده‌شتی ڕازاوه‌ت دابدڕێت.
لاوه‌تی كه وه‌ك جل و به‌رگی به‌رت ئه‌دره‌وشێت.
كۆنه لیباسێك ئه‌بێت و كه‌م بایه‌خی پێ ئه‌بڕێت.٭
🔸ئێمه‌ش وه‌ك مامۆستا سه‌خڵه‌تی چل زستانمان تێ په‌ڕاند و چرچ و لۆچی توێڵمان شه‌قڵی گه‌وره‌ی تێكه‌وت.له‌م چل ساڵه‌دا ، بیست ساڵی خاس یان خراپ بێ ئه‌وه خۆت زۆر ده‌خاڵه‌تت تێدا كردبێ،سووڕی ژیان له ناوچه‌یی زێویه ته‌پڵی به‌رده‌وامیه‌تی لێدا.
🔸به وته‌ی شاعیری هه‌ست ناسكی كورد مامۆستا هێمن ده‌توانی ناوی بنی"مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌ف" ئه‌م مه‌ته‌رێزی شه‌رەفه چییه و پێناسه‌كانی چۆنه؟ بۆ ئێمه‌ی مامۆستا ده‌كرێ ناوی بنێیت قوتابخانه‌ی ژیان، تاقمێك مامۆستای خاوه‌ن به‌ڵێن نەچوونه ناو بازنه‌ی سیستمی ناڕێكی په‌روه‌رده، هیلاك نەبوون و پاشگه‌زنبوونه و كاغه‌ز بازی باوی ئێداری لە ورەی نەخستن
🔸بە وته‌ی ئه‌م شێعری مامۆستا هه‌ژار بێژی " كوڵكه و مه‌ره‌زیان به كام ته‌شی ڕێسرابێت؟ " ڕسكان و جێاوازبوونی خۆیان مسۆگر كرد.
🔸ئەمانە هۆگران و ئه‌ویندارانی خاك و نیشتمان و مڕۆڤ دۆستی و به‌رپرسیار له هه‌موو شێوازه‌كانی مامۆستا بوون و خۆیشت به فه‌خره‌وه بڕوات واییه بوونی ئه‌م مڕۆڤه به‌ڕاستی ئاكار جوانانه و كرده‌وه له به‌ر دڵانه، دڵت ئه‌رخیان ده‌كات كه به هزرێكی گه‌شبینانه‌وه فه‌خر بفرۆشیت و به‌ڵێیت خودایە سه‌دجار به‌زیاد بێت كه له‌م سووڕی نه‌یه‌ك جار له باری مامۆستایه‌تیه‌دا منت خسته سه‌ر ڕێی ئه‌م مامۆستا ئاكار جوانانه"
🔸لای من له ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا ده‌توانم ئه‌م مامۆستایانه كه له مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فدا ڕاوەستاون ، ده‌كرێ بڵێیت شیاوی وشه‌ی جوانی مامۆستان.
🔸ئه‌مه هەست و ڕای منه پێی ناوێ كه‌سانێك دڵمه‌ند بن و هه‌ركه‌سێك به پێ ده‌ورانی خزمه‌تی خۆی ده‌توانی ده‌سچینی مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فی خۆیی بكات:
☘️👌مامۆستا و رێزدار :
١-حسه‌ین حیجازی، هفده‌ساڵ له‌مه‌وپێش له گوندی خوڕخوڕه له چاوه خانوێكدا پێك ئاشنا بووین. كپ و مۆن و بێ ده‌نگ.
٢-موحه‌مه‌دی مه‌جیدزاده خانه نشین كرا‌و : هه‌ژده‌ساڵ پێش له گوندی حانه‌میران ، زۆرجار میوانی كلاسه‌كانی بووم.
٣- مه‌نسووری حسه‌ین زاده ، نۆزده ساڵ له‌وه پێش لە گوندی ده‌وره قه‌ڵا: زۆربه‌ی منداڵه‌كانی قوتابخانه به فه‌خره‌وه ده‌یان وت ئاغای حسه‌ینی ئه‌و كاورا ئێژی پێغه‌مبه‌ره و منیش لام واییه.
٤-كورده‌وانی فه‌رجی : یه‌كێ له دۆستانی هاوكار ده‌ی فه‌رموو ئه‌شا ئه‌و ناوه، كاتێ ئێمه ناومان عابید و عه‌دنان و عه‌لی بوو تۆ ناوێ ده‌گمه‌نیان لێ ناوێ ، وه‌ڵڵا برا به‌غێڵیمان پێت دێت، بۆ ناوت و ئەو هەموە جوانیتە.
٥- موحه‌مه‌دی فه‌تاحی
٦- ڕه‌حمانی میران
٧- ناسر ڕه‌حمانی: له بابه‌تێكی جییادا به ناو " زووزه‌نه‌قه‌ی نه‌تاشراو" باسی ده‌كه‌م.
٨- هیوا مه‌حموودی، لە نووسینکدا بە ناو بزەی ڕادیکاڵەکان باسم لێکردە.
٩- له‌یلا فه‌لاحی - خاتوونێك له په‌ڕه‌ی گوڵ گوڵ-
١٠- ئیبراهیم سۆفی مه‌حموودی.
١١- مه‌سعوودی حه‌ق ته‌ڵه‌ب" خرپنه كوڕێكی له به‌ردڵان.
١٢ سه‌لاح ئه‌مینی
١٣- موحسین حه‌ق په‌ره‌ست
١٤- هێمن ئه‌مینی : تازه بوته مودیر خۆزگه ساڵێك ئه‌بوویته مودیرم تا ڕاوی پێكه‌نیتم بكردایه‌ت.
١٥- ئه‌حمه‌د فه‌تاحی: داییم بۆ سه‌لماندنی یاساكانی په‌روه‌رده به‌ڵگه‌ێكی ده‌رهاوردایه‌ت.
١٦- فه‌ریدوون گوڵباخی.
١٧- رزگار لوتفی،
١٨- لوقمان ئه‌ڵڵا مورادی: زۆر كه‌س پێمان ده‌ڵێن به یه‌ك ناكه‌ون به‌ڵام ئه‌م شاعیری كتێبی گوڵاڵه گه‌زیزه له ڕۆحمداییه.
١٩ حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵازاده . قیت و قنج و وه‌رزشوان.
٢٠ عێزه‌ت به‌راتی : له سوونه‌ته زۆرجار شاهێد بووم نان و ڕیازی ده‌خوارد.
٢١- عه‌دنان گه‌وێڵی كێڵانه.
٢٢- عه‌لی موباره‌كه‌ی
٢٣- حه‌یده‌ر سه‌عیدی
٢٤- نیشتمان حسه‌ینی
٢٥- موحه‌مه‌دی ئارمه‌ند. ( كڕۆنا له ماچكردنمانی خست) له بابه‌تی: له‌نگه‌ره گه‌وره‌كانی پشت دیواری مه‌كته‌بی ڕووخاو باسم كرده.
٢٦-عه‌باس عه‌لی پوور(ئه‌م كابرا هه‌ر عه‌ین شێعره‌كه‌ی سۆهراب سپێهری : به سراغ من اگر می آیید
نرم و آهسته بیایید
تا مبادا که ترک بردارد
چینی نازک تنهائی من" هه‌تا لی نزیك نه‌بیته‌وه نای ناسیت. له بابه‌تی: له‌نگه‌ره گه‌وره‌كانی پشت دیواری مه‌كته‌بی ڕووخاو باسم كرده.
٢٧- حامید ئاسیابانی " بێژی ئه‌م كابرا كوڵكه‌و مه‌ره‌زی به كام ته‌شی ڕێسرابێت؟" خوا بۆ موعلیمی تاشیەتی.
٢٨- حه‌مدیه ئیسماعیل زاده
٢٩- ئه‌مجه‌د كه‌ریمیان.
٣٠- لوقمان ساڵحزاده ، حاجی........
٣١-به‌همه‌ن گه‌ڵاڵی. له چیڕۆكی بێهلول و دێهلوولدا باسم كرده.
٣٢- ڕه‌شید سوڵتانی: له بابه‌تی پیاوێك له ڕه‌گه‌زی خۆردا باسم كرده.
٣٣- حسه‌ین حسه‌ینی ده‌وڵه‌ت قه‌لعه
٣٤- حه‌سه‌ن ناسری پوور
٣٥- سەیفوڵڵا مه‌سعوودی.
٣٦- سالار شه‌ریف پوور.
٣٧- شهریاری ئیمتیازی. لە بابەتێکدا باسی جوانییەکانیم کردە.
٣٩- بێهزاد ئه‌مینی
٤٠-موحه‌مه‌دی گه‌نجی.
٤١- ئیبراهیم حافزی
٤۲-هیوا سەلامی
٤۳-موحەمەدی وەلی پوور، کپ و بێ دەنگ و پڕ لە کەڕامەتی ئینسانی.
٤٤-عەدنان یار ئەحمەدی
٤٥-نەوید ساڵحی
٤٦-عەلا واعیزی ، پیاوێکی هەمە چەشن و دەس ڕەنگین.
٤۷- بێهرووز حەیدەری.
🔸لێره‌دا هەڵکشان بەرەو چل و دوو ساڵ ته‌مه‌ن ، منی لێوان لێو کرد له‌و خۆشه‌ویستانه‌ی كه ده‌توانم بیانخه‌مه نێو مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فه‌وه.
🔸لیستی سه‌نگه‌ره‌ی شەرەفی ئێوه چۆنه؟...................
@asoyzhyanisaheb
🔸بۆ گۆزە کڕین دەچوومە لای گۆزەکەرێک
سەد گۆزە بە من پێکەنی، هەر یەک لە بەرێک
ئێمەی وەکوو خۆت ئەبەی سبەینێ خۆشت
وەک ئێمە دەبی بە گۆزە لای بێخەبەرێک.
(خەییام وەرگێڕانی مامۆستا هەژار)
🔸لەم ڕۆژانەدا باو باوی کووپە پەنیر داگرتنە، کاتێ دەیان سەنیت،سێ ناویان هەییە، جەڕەی گەورە، نیو جەڕە، زاواخڵەتێنە ، کاتێ لە چاڵ دەری دەهێنی پەنیری کووپەی پێ دەڵێن.
🔸کاتی کابانی ماڵ مەنجەڵی شیر لە بان ئاگردان دادە مەزڕێنێت، مایەی شیری تێدەکات،قەدیم شیلاوکیان تێ دەکرد کە لە ڕیخۆڵەی حەیوانە وردە درووستیان دەکرد و ئێستە دەرمانی گیراوە و ئامادە،پەسای پەنیری پێ دەڵێن،
کاتێ شیرەکە دەڵەمە بوو،لە سەر ئاور دایدەگرن و دەڵمەکە لە ناو ئاو سزی دەردەهێنن، بە خوێی زبروە دەیگووشن و دەیکەنە پەنیری سەلک،بۆ ماوەی سێ چوار مانگ لە ئاو و خوێدا هەڵی دەگرن،دوایی لە سەرەتای جۆزەرداندا، پەنیری سەلک لە ئاو دەخووسێنن با نەرموە بێت .دوو سێ کەس،ڕنە و کوتەکەی لێهەڵدەگرن و وردی دەکەن لە پێشووتردا لە سەر پنە بە قەنەشکێن دەیانکوتا، وەستای کووپە داگرتنەوە ،جەڕەی لێ دەشێڵێت.
🔸 مانگێ زووتر چاڵە پەنیری بۆ خاوێن دەکەنەوە، تا خۆر بیگەزێ ، بەردی ساف لە ژێرەوە دادەنێن و ئەمجار جەڕەکە سەرە و نخون دادەنێن، لە قەدیمدا، سەر جەڕەکانیان بە گەڵامیو،مووی بزن و قوڕە سوورە سواخ ئەدا ، ئیستە بە بستێک خامی سپی سەرەکەی دەپێچن، دایدەنێن و خۆڵی تەڕ و شێداری تازەی لە سەر دەکەن،دڕەنگانی پاییز و زمستان بە ئیشتیای دڵ بابۆڵە پێچی دەکەن و دەفەرموون: "کەمی تێکە و وردی جاوە ، لەزەتەکەی ها لە دواوە"
🔸وێنەی کووپە داگر: کاک عەبدوڵڵا درەخشانیان ، ساحێب.
🔸کو‌لتوور و ژیان: عابید حسەینی.
🔸ساتێكك له گه‌ڵ هێزی نه‌بڕاوه‌ی دایك له ڕۆمانی
📚" A Fraction of the Whole " "
جزء از كل: ئستیو توڵتز
✍🏾وه‌رگێڕان به كوردی : عابید حسه‌ینی.
هیواردارم كات موڵه‌ت بدات هه‌مووی وه‌ربگێڕمه‌وه سه‌ر زمانی به پیتی كوردی.
As it became clear that I wasn’t going to die any day soon and might be in this petrified state forever, the voices became fewer and fewer, until only one voice remained: my mother’s. The rest of the town gave me up for a block of wood, but my mother kept on reading. My mother, a woman who had only several years earlier left her native land having never read an English book in her life, was now churning through them by the hundreds. And the unexpected consequence was, as she stocked up my mind with words, thoughts, ideas, and sensations, she did as much to her own. It was as though great big trucks filled with words drove up to our heads and dumped their contents directly into our brains. All that unbound imagination brightened and stretched our minds with incredible tales of heroic deeds, painful loves, romantic descriptions of remote lands, philosophies, myths, the histories of nations rising, falling, chafing, and tumbling into the sea, adventures of warriors and priests and farmers and monsters and conquerors and barmaids and Russians so neurotic you wanted to pull out your own teeth. It was a prodigious jumble of legends my mother and I discovered simultaneously, and those writers and philosophers and storytellers and prophets became idols to us both.
٭ كاتێ روون بوه‌وه له‌وه ناچێت به‌م زوانه بمرم و پێم وابێ تا كۆتایی ژیان هه‌ر وا له‌م دۆخه قه‌یراناوه‌یدا ده‌مێنمەوە. ده‌نگه‌كان كزتر و كه‌متر ده‌بوونەوە جگه له ده‌نگێگ كه داییم به‌رده‌وام بوو : ئه‌ویش ده‌نگی دایكم بوو.هه‌موو خه‌ڵكی شاره‌كه له‌و له‌ته داره كه‌وتوه هیوا بڕاو بوون. به‌ڵام دایكم هه‌ر ده‌ی خوێنده‌وه. دایكم ، ئه‌و ژنه‌یی كه چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وڵاتی خۆیی جێهێشتبوو و ته‌نانه‌ت تاقه كتێبێكی ئینگلیزیشی نه‌خوێندبوه‌وه ، ئێسته سه‌د دانه سه‌د دانه ده‌یخوێنێتەوە.سه‌ره‌ئه‌نجامه چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كه‌یشی ئه‌مه‌بوو هه‌روا كه مێشكی منی له وشه‌كان، هزره‌كان ، بیر و هه‌سته‌كان پڕ ده‌كرد ،خۆیشی فێر ده‌بوو.هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بارهه‌ڵگرێكی گه‌وره باربه‌كه‌یت له وشه و ڕاسته‌وخۆ له نێو مێشكی ئێمه‌دا هه‌ڵیبرێژێت. هه‌موو ئه‌و خه‌یالپڵاوه به‌رته‌سكانه مێشكمانی له چێرۆكی كه‌ونارایی و كاری به‌وه‌جه‌كان،ئه‌وینه سۆزناكه‌كه‌ن،خه‌مڵاندنی جوانكارانه‌ی وڵاته دووره‌كان،فه‌لسه‌فه‌كان ، دیرۆكه‌كان، مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه و داڕمان و تێكڕۆخانی شارستانییه‌ته‌كان بۆ ناو زره‌یا.سه‌ربورده‌یی شه‌ڕڤانان و قه‌شه‌كان و جووتیاران و دێ‌و و درنجان و سه‌ركه‌وتوان و كڵفه‌ته‌كان و رووسه‌كان كه ئه‌ونه دڵبه‌یه‌كاهێنه‌ره‌ن ، پێت باش بوو له داخیاندا ددانت هه‌ڵبكه‌نی، ڕۆشنكردۆ و به‌رفراوانی كرد.تێكه‌ڵاوێكی سه‌ر سووڕهێنه‌ر بوو له دیرۆكه‌كان كه من و داێكم پێكۆ دۆزێبوومانه‌وه و ئه‌و هه‌موه نووسه‌ر و فیلسووف و چیرۆكبێژ و پێغه‌مبه‌رانمان بۆ بوون به بوت.
abed547@yahoo.com
@asoyzhyanisaheb
دایەڕابێ و هەموو شێرەژنانی کوردەواری.
✍بیرەوەری ئەو گەورانەی نەیانزانی منداڵی چییە و چۆنە.
عابید حسەینی
🔸ئه‌نگوسته چاوی به‌یان،بووڵێڵی دایه‌گه‌ورێكی خڕ وخۆڵی بچكۆلانه و سێكوچكه‌ی ئاگردانێكی ڕه‌شداگرساوی گۆشه‌ی حه‌سارێكی خوار و خێچ و خڕه‌به‌رداوی،
باڕه‌باڕی مه‌ڕ و ماڵات و ده‌نگی زه‌نگۆڵی مه‌ڕه‌سه‌ره و بۆڕه بۆڕی مانگا سوور و گاوگۆل، ده‌نگه ده‌نگی كاسبكاری به‌ره‌و شاخ و جه‌نگه‌ی گیادوورین و كه‌مای كوێستان كه‌ندن، شه‌غره‌لێدان و چاشت و دیسان ژنێكی پیتۆڵ و بەزیپەک و زاکۆن ، پاتۆڵ شۆڕی سه‌روپێچ شێواو.
🔸هه‌ناسه بڕكێیەتی، ئه‌بێ مه‌ڕكانمان پێشڕه‌وه‌ی مه‌ڕی ئاوایی بن و نابێت ته‌پ و تۆزی ڕێگه‌خۆڵه‌پۆته‌كه، به‌ر ده‌م و چاوی مه‌ڕه‌كانمان بكه‌وێت.
🔸دیسانه‌وه چاره‌كه‌نان و هه‌مانه و شیشه ماسێكی خه‌ستی مه‌ڕ و په‌لی منداڵێكی قژ ئاڵۆزی ره‌نگ بزركاو له خه‌ونێكی خۆرنه‌گه‌سته‌ی ده‌م به‌یاندا ، ها به‌ده‌ست پاتۆڵ هه‌ڵكێشراوێكۆ ،به گوڕێكی ده‌ماره‌كانت ڕه‌ق ده‌بن، ده‌گوڕێنی به سه‌رت دا و هه‌سته هه‌سته ئامانت لێ ده‌بڕێ و خۆكێشانه‌وه و خۆبادان و جینگڵ خواردن مانایی نییه و ته‌نیا قنجه‌پا قیت بوونه‌وه و بێ دم وچاو شۆردن و ڕێپۆق داماڵێن ،کرژ و زیتەڵە بوون باو و مەیلی دایەگەورەییە.
🔸شووڵێكی ناسك و هه‌مانه نانێكی گونیه‌گوش و كترێك و دوو پرێسكه‌ی پێچراوه له قه‌ن و چایی و شیشه‌ماستێك و یاڵا كه‌وشی که‌لاجزی لاستیقی لێ هه‌ڵكێشه و بابۆڵه‌كه‌ره‌ی هه‌ڵخوشاوی نانی ئاوكراوی ناو ناندین كه هه‌ر لقێكی بۆ لایه‌ك ڕۆییشتە و ده‌ڵێی چه‌قه‌بییه لپی ده‌ركێشاوه ، بیده‌ره به‌ر قه‌پاڵ نه زوان بۆی خڕده‌بێتۆ و نه لێو دەیپێکێ.
🔸دیسان وانه‌ی دایه ڕابێیه، ده‌بێ ئه‌ڵقه‌ی گوێتی بكه‌یت، نابێت به‌رغه‌له‌كه‌ت بكه‌وێته پشت سه‌ر به‌رغه‌لی ئاوایی و گوناحبار ده‌بیت و خوێڕی بوون و به‌قڕدان و زۆر شتی تر ده‌خزێته نێو بابۆڵه‌كه‌ره تۆزگرتوه‌كه‌ت ،مله پیچكه باریكه بۆره‌كه‌ت ئه‌وه‌نه به دوایی كۆكردنه‌وی بابۆڵه هه‌ڵخووشاوه‌كه‌ت هه‌ڵسووڕانه لاتراسكه‌ی دێت. 🔸ده‌بێ تا خۆروبان گه‌رم دانه‌هاتوه له ئاوای ده‌ركه‌وی، ده‌نا دایه ڕابێ هه‌رچێك تانه‌و ته‌شه‌ره بارت ده‌كات " به خاسه خاسه گوی كرده كاسه" چاوسه‌ره‌مه‌گه‌زی وا لێهاتوو" زه‌رده‌ڵێ بابرده‌ڵه و....
🔸ئێوارانیش بۆت نییه هه‌رخۆر داهات به‌رغه‌ل ڕاپێچی ماڵه‌وه‌بكه‌یت ده‌بێ به ده‌مه‌له‌وه‌ڕ و به لاپاڵه‌كاندا، كه‌مێك زووتر له ڕانی ئاوایی بگه‌یته ماڵۆ.
🔸هه‌ر به‌ده‌م تەپ و تۆزه‌وە ئه‌بێ تا‌ماوا ئاماده‌بكه‌یت و خوێ له به‌رده خوێ ڕووبكه‌یت و تا مه‌ڕی ئاوایی نه‌هاته بەرخ و کاژەلە ڕاپێچی كۆزه‌كه‌ی خۆیان بكه‌یت و درگا لە گرێژنە دەرهاتوەکە کە ڕزاویشە بە لەتە گوریسێک لە مل کەڵە بزماڕێک توند بکەیت و توند دایبه‌خه‌یت.
🔸كاتێ به‌رایی مه‌ڕی ئاوای ده‌گاتە بەرۆ، ئه‌بێ بچیته به‌ردرگای ماڵ به وشەی ،گورێ گورێ كردن، مه‌ڕه‌كانی ماڵی خۆتان بانگهێشتی ماڵه‌وه بكه‌یت، نه‌كا یه‌كێكیان ته‌ره بێت بچێته نێو مه‌ڕی ماڵان. 🔸ئه‌مجار بە گەڵەگەڵ مەنجەلە پڕ لە سزی سارده‌وبووی په‌نیرە ده‌ڵمه‌گوشراوه‌كه‌ی به‌یانی کە لە سەر ئاگری تەپاڵە دانراوە و کەشکی لێگیراوە، بده‌یته مانگا شه‌ماڵ.
🔸لەو سەر و بەندەدا، گوێ هه‌ڵخستن بۆ گه‌مه‌ی منداڵه‌ورتكه‌ی ئاوایی ساتێک دەتخاتەوە بیری منداڵ بوونت ، بۆت نییه بچیت، هێشتا كاری دایه‌گه‌وه كۆتایی نه‌هاته و ده‌بێ مل مه‌ڕه ڕه‌ش و مه‌ڕه كه‌ڕی و قزڵ و بوره و یه‌ك گوان و هه‌ر مه‌ڕ و ناوێكی هه‌یه ، بگریت و ڕاكێش ڕاكێش بیهێنیته به‌رده‌م دایه و جارجار مه‌ڕه‌كه به خۆوەیه و هێزت پێ ناشكێت بیهێنیت و دایه به قاوله‌مه شیره‌كه‌ی كۆمه‌كۆم نه‌كا بڕژێت دێته لاپاڵی مه‌ڕه‌كه و خوژ خوژ ده‌نگی دووشینی مه‌ڕ سه‌رنجت ڕاده‌كێشرێته ناو قاوله‌مه شیره پڕ له كه‌ف و تۆقله‌كراوه‌كه.
🔸بڕێ له ئێواره‌كان وه‌ك پشیله خۆت مڵاس ده‌ده‌یت و بێ گوێدان به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی دایگه‌وره ده‌رده‌چیت بۆ ناو هه‌تیمیه‌ل ئاوایی و دایه‌گه‌وره و مه‌ڕه‌كان بەجێ ده‌هێڵیت و دایه‌گه‌وره ناچاره ده‌سره‌یه‌ك حه‌ڵقه بكات لە ده‌س خۆیی و ده‌یخاته مل مه‌ڕه‌كه تا ڕاوه‌ستێ و بیدۆشێت و تۆیش تا تاریكان و نان خواردن خه‌ریكی حه‌لمه‌جووزێ وشه‌ڕه‌شه‌پانییت، به مله‌تاتكێ و پسكان پسكان له حه‌یوه‌ت قسه‌ی دایگه‌وه‌ره و هێرشی چاوێ گه‌وره‌كان خۆت له سووچێك ده‌خنیت و لاره‌مل لارده‌بێتۆ و هه‌ر وا چڵكن و پڵكن وقاچت قەتماخەی بەستە و بێ نان وچا ، خه‌و ده‌تخات به‌لادا.
🔸 هەر وەک ئەم شێعرە بەرزەی مامۆستاهێمنی نەمر :
"ڕێگە سەخت و کەند و لەند و پڕ لە هەڵدێر و گەوەس ، هەر دەبێ ببزووی، دەبێ بکشییت ، وچانی لێ نەدەیت"
abed547.blogfa.com
🥣تیكه خۆشه !
✍عابید حسەینی
🔸یادی به خێر بێت یان به‌خێر نه‌بێت نازانم چۆن بێژم كاتی منداڵی ئێمه هه‌ر كاتێ گۆشتاومان بوو .چێشتمان به ئیشتیایی دڵ تریت ئه‌كرد و دوو پله گۆشتمان به‌ر ئه‌كه‌وت دامان ده‌نا بۆ دواتیكه و پێمان ئه‌وت تیكه‌خۆشه.
🔸خۆشك و برا جارجار چاوچنۆكیمان ئه‌كرد و بیری گزه وفزه‌دان له مێشكماندا وه‌گه‌ڕ ئه‌كه‌وت. بۆ گاڵته‌یش بواێی چنگێكمان له پله گۆشته‌كه‌ی ئه‌وانی تر ئه‌دا . زاق و زیقمان به‌یه‌ك ئه‌خست و هاڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی باوك و دایك دای ئه‌مركانینۆ. جا خاڵۆزایه‌ك له خۆم ناڕه‌سه‌ن ترم هه‌بوو له من گزه‌ون تربوو وه‌ك پشیله‌ی سمێڵ كرۆشته داییم له مڵاسدا بوو،وه‌ك چزووی برووسكه‌ێك پله گۆشتی برژاوی لێ حه‌شار ده‌دایت و بزری ده‌كرد و قیت وقنج خۆی لێ هه‌ڵه‌ده‌كره كه ئه‌ننه‌هوو مێشێك میوانی نییه.
🔸زۆر جاریش ده‌ترساین نه‌كا له‌ناكاو كه‌سێك بێت وئه‌بێ به‌شی به‌ده‌ین .هه‌ر ده‌نگی دریا ئه‌هات گۆشته‌مان به په‌ڕتاو ئه‌ماڵێه نێو ئاشی ده‌مان وا ئه‌مان هاڕی، به‌زه‌یمان به گه‌رووی خۆماندا نه‌ده‌هات ،واچاومان ده‌رئه‌په‌ڕی وه‌ختابوو بخنكێین.
🔸تیكه خۆشه بۆ من له سه‌ره‌تادا ڕووی ئه‌دا .هه‌ر یه‌كه و هه‌ڵپه گۆشته‌كانم ده‌ماڵێو و لێساولێسم ده‌كرد ئاوه‌كه‌یشم ده‌كرد به شوێنی‌دا تریت ومریتم نه‌ده‌زانی. كاتێ مریشكمان بوایه سینه و ڕانەکانی به‌ر گه‌وره‌كان ده‌كه‌وت و ئێمه‌ش پشته قنگه‌ڕه‌قه ومله‌قۆچه ده‌سی ماچ ئه‌كردین. جا من زۆرم بۆ دایه‌گه‌ورم ده‌هێنا و ده‌موت ده‌بێ سینه‌م بۆ تێكه‌یت. پشته ڕه‌قه‌ی مامره بۆرم لێ ببوه سینه وشه‌ڕم له‌سه‌ر ده‌كرد. وام ئه‌زانی ئه‌وه سینه مریشكه.
🔸ئێسته منداڵی ئێمه هه‌موو ڕۆژێك وهه‌مووساتێكی تیكه خۆشه‌یه. به‌ڵام هه‌ر جیقه وفیقه‌ی دێت. نه‌ك به‌شی خۆیی به‌شی بابیشی ده‌ماڵێتۆ.
abed547.blogfa.com
@asoyzhyanisaheb
🔸قەپە گۆڵ
✍عابید حسەینی
🔸وێڕای دوو هاو پۆلی خۆم كه دایكی هاودێییم بوو و كوڕێكی تر به ناو نووره‌ددین كه -ئێسته قه‌ڵوه و خپه‌ره بوه و من ناناسێته‌وه - له سه‌ر مێز و نیمكه‌تی له‌ق و لۆق و زۆركه‌س ناسراو ، سێ نه‌فه‌ری له پێشه‌وه وه‌ك بووچكه‌له‌ی كلاس و نووساو به دیوار و ته‌خته‌ی ده‌رس داده‌نیشتین ،پۆل به‌و شێوازه قرخه‌چن كرابوو، هه‌موو منداڵی خوار و خێچ و درێژ و بۆر وه‌ك شه‌تڵه ته‌ماته‌ی كه‌ردوو ڕه‌دیف كرابووین و مامۆستاێكی داماو بێت چل كه‌سی بزۆز و ناڕه‌سه‌ن و چڵكن و بۆڕ هه‌ریه‌ك له بنه‌توێك، ڕابهێنه و ده‌رس مانای نه‌بوو . پێم وابێ ئه‌و وشه‌ی منداڵه له خۆوه سازنه‌كراوه وه‌ختی گوترا منداڵ یانی من وه‌ك داڵ وام.
🔸مامۆستاێكی وانه‌ی علومان هه‌بوو ده‌ستی ده‌خسته نێو نیفۆكی پانتۆڵه‌كه‌ی و قامكه كه‌ڵه‌ی له ژێر پشتوێنه‌كه‌ی توند ده‌كرد و چوار قامه‌كه‌ی تری له سه‌ر یه‌ك كاتێ ئه‌یوت – ئه‌سڵێ مه‌تڵه‌ب ئینجاست- ده‌یدا به سه‌ر زگه هه‌ڵماسیوه‌كه‌ی كه له ژێر پانتۆڵه‌كه‌یدا ته‌پۆڵكه‌كه‌ی كاتێ ده‌ینووسانده مێزه‌كه‌ی ئێمه‌وه وه‌ك ته‌پڵ دیار ده‌كه‌وت، له‌و كاته‌دا سه‌رقاڵی وانه گوتن ده‌بوو لۆێه‌ك له بەنه‌خوێنه‌كه‌ی ده‌ر ئه‌هات و توند خۆی ده‌چه‌سپانده مێزه سێ نه‌فه‌ره‌كه‌ی ئێمه، ئێمه‌ش سێ كه‌سی ته‌نیا تماشای ده‌ستی مامۆستا و به‌نه‌خوێنه شۆربوه‌كه‌مان ده‌كرد ، وانه‌ی علوومی چی و شتی چیی هه‌ر گاڵته به علووم ده‌كرا و تێكه و لێكێك بوو ئه‌وسه‌ری ناپه‌یدا یه‌كێك ده‌یمیاواند و یه‌ك ده‌یوت ئاغا پڵتۆك له گوێم ئه‌ده‌ن.
🔸له پڕ قه‌رمه‌شه‌یه‌ك دای له مێشكی كاكی دایك هاو وڵاتیم ، ئه‌و مێز و نیمكه‌تانی ئێمه مێخی پانچكراوی پێوه بوو هه دوو سه‌ره‌كه‌ی پانۆ ده‌بووه و كاتێ شل وشه‌وێق ده‌بوو ده‌رنه‌ده‌هات، به ئیسپایی و چاو له سه‌ر ، ده‌ستی برد دۆخێنه به‌ربووه‌كه‌ی مامۆستای له ملی مێخه شه‌وێقه‌كه‌ی مێزه‌كه گیردا و خۆمان بێ چركه مت كرد و پیشكه پیشك ده‌م خۆمان لێ ده‌قووچاندو ملمان توند ده‌كرد و له ژێر لچه هه‌لقورتاوه‌كانماندا جارجار له حه‌یوه‌ت ئه‌وه‌ی تماشایی یه‌ك نه‌كه‌یین سه‌رمان له مابیه‌ن هه‌ردوو ده‌ستمان توند ده‌كرد و ده‌پیشایین.
🔸مامۆستا كاتێ ڕووی وه‌رگێڕا بۆ لای ته‌خته سیاكه ، میزه‌كه به دواییدا كێشرا و به‌نه‌خوێنه‌كه‌ی درێژ بوه و كه‌لاس له ژێر لرقه و تریقه و قاقای یه‌كبیندا ته‌قییه‌وه . مامۆستای ده‌س گیركراو له دۆخینه‌كه‌ی چاوی په‌ڕییه ته‌وق سه‌ری و خۆیی لێ ڕاپسكاندین و شه‌ق و زللە كه‌وته گه‌ڕ و كلاس شله‌ژا و مامۆستا سوور ره‌نگاڵه‌كه‌ی ئێمه وه‌ك فیشكه شێته ده‌یزیكاند و ده‌ی قرماند و ئێمه‌ش به پاڵه په‌ستۆ ، هه‌لێره ها له‌وێ قه‌زات له‌ماڵم ،شان داچه‌كاو كراس هه‌ڵته‌قاو ئاوقه‌ی ده‌فته‌ری مه‌دره‌سه و بگره و به‌رده و بكوژ و ببڕ كرایین ،مه‌قۆ مه‌قۆ و ده‌س نیشان كردنمان بوه بنێشته خۆشه‌ی منداڵۆكه‌ی ده‌م داچه‌كاو و منیش چاوشێنێكی مل بۆری خۆرگه‌سته‌ی سه‌ر تاشیاوی كراس دڕیاو ، تازه له ده‌س به‌رغه‌ل له‌وه‌ڕاندن هه‌ڵهاتبووم وێڕای دوو زه‌رگه‌ته چاوداشۆڕیاوه‌كان تر ملمان داخستبوو لووشكه و بۆڕه‌یان ده‌هات.
🔸به‌رپه‌رسی قوتابخانه یان مودیر به‌ڕێز مووكری بوو. شووڵی هاورد و ده‌س هه‌ڵێنه و قسته كوشت له لپ و پانتای ده‌س و فڕكه‌ی توێكڵ وله‌ت بوونی تووڵه شووشه‌كه و قیژه‌ی بێ ئه‌مانی وه‌ی باوه‌كه‌رۆ وجووته‌پا هه‌ڵخستنه‌وه و ده‌س له ناوگه‌ڵ تووندكردن و ئازاری له ڕاده‌به‌ده‌ر و هێرشی له په‌ستای تووڵه بۆر بۆ قاچ و قول و پشووسواری و هه‌ناسه‌بڕكێی كاكی مودیر، هه‌رسێكمانی له كه‌له‌به‌رێكی كومیتێكی نێو ده‌فته‌ره‌كه توند كرد و مووشه مووش و بڵقه بڵق و لۆزه‌وه‌ی فرمێسك و قێره‌ی بێ ئه‌مانی ئه‌و دوانه بڕانه‌وه‌ی نه‌بوو. وه‌ك هاواڵی راسته‌قینه‌ش هه‌رسێكمان رفێقه‌كه‌ی ترمان نه‌دابه‌د‌اوه وهه‌ر وه‌ك پێكۆ پێ ده‌كه‌نیایین، پێكیشۆ ئازارمان چێشت.
🔸له پڕ كاكی مودیر وه‌ك تازه پێمی زانیبێ كه چاوم بێ فرمێسكه و نووزه و گریان و قێڕه‌م ناییه ،حرسی هه‌ستا وتی ئه‌شا ئه‌و چاوسه‌ره‌مه‌گه‌زه خۆ نقی لێوه ناییه‌ت. نه‌وی له په‌له‌م و ڕاكێشان ڕاكێشان و منیش ده‌س تووندكراو له ئه‌ڵقه‌ی كومیتی خه‌ڵاتی وه‌رزشی چنراو ،خۆم نه‌ئه‌دا به‌ده‌ستۆ و یاری ده‌ده‌ریش بیرم نه‌ماوه ناوی چی بوو هاته هانای مودیر وتی كوره بێ ده‌ر له‌وه سووچه نائینسان كومیته‌كه ده‌خه‌ی ، نه‌خه‌یر په‌لكێشیان كردم و كه‌شیه و گۆنا ڕه‌شداگرساوه‌كان كه‌وتنه مه‌شقی كوته‌ك ، شووڵی تازه ساودراو كه‌وته ده‌ست كاكی مودیر و به ئیشتیای دڵ گوڕه‌شه‌ی ده‌سهه‌ڵێنه بارییه سه‌رما و شووڵ له بان شووڵ كه‌وته ناو لپی ده‌س وتوند شوڵم گرت و متقم له خۆم بڕیی و بێ تنۆكه فرمێسكێك و ده‌س گوزاتنه‌وه و بێ چركه هه‌تا هێزم تێدا بوو له گه‌ڵ شووڵه به ئازار و جرگبڕه‌كانی كاكی مودیری ڕه‌ق هه‌ستاو، به‌ره‌ڤانیم كرد و ملم به چێژی گریانی مودیر نه‌دا. هه‌تا كرۆشتنی ناخ و سه‌ر ئێسقان ئازارم چێشت به‌ڵام فرمێسك و گریانم له ناخی داهێزراو و پۆنگ خوارده‌وه ده‌رنه‌بڕی.
🔸كاكی مودیر هه‌راسان و شه‌كه‌ت و ماندوو و بێ ده‌رەتانی و بێ وزه‌بوون، ڕای وه‌ستان و قێڕاندی قه‌په‌گۆڵی به‌رازی به‌رده‌سیمان ساخ ئه‌بێتۆ به‌سه‌ره‌مدا گومبه له به‌رچاوم. ده‌ریان بكه‌ن ! با بچن بنه‌ماڵه‌یان بێنن !
تا مانگێك شووشی ده‌ستم هه‌ستابوو و هه‌رچڵی ئه‌دا و علوومیش فێر نه‌بووم.