🔸چاوی ته‌كه‌ڵتوو
✍عابید حسەینی
ساتێك ڕاما و ئاخێكی تووندی پڕ به پانتای ده‌شتی پاڵكه‌وتووی بناری سه‌فه‌رئاغا هه‌ڵكێشا. ڕووی كرده بناری قوڵسه‌مه‌ن و به‌سه‌ر هه‌ورازگه‌ی شاخه‌گه‌وره له‌نگه‌رێكی گرت و چوه ناخێ زنار و به‌دره‌دڵانی به‌رده‌كه‌نوو. له جه‌نگه‌ی بگره و به‌رده‌ی كه‌ما كه‌ندندا،قولێك هه‌ڵزی به‌ده‌سته‌وه بوو و چاوی له خۆشكه‌زاكه‌ی هاواڵی كرد،خه‌ریك باڕه‌كه‌و حاملاندن بوو.كولله‌ی به‌دمیانه‌وه ده‌كرد و فیتووی لێده‌دا.بیری حه‌ماغایی گه‌ورك كه‌وته‌وه. مێشكی له گه‌ورك گرسایه‌وه.دڵی دایه ده‌نی ڕۆحی ماندووی.ده‌ستێ له‌نگر گرتووی خۆر ڕه‌تێنی له ڕیشه تۆپه‌كه‌ی ڕێخست و برۆ پڕه‌كانی كه كه‌پریان به‌ستبوو هه‌ڵته‌كاند.بیری هاته‌وه له كۆڕی گه‌ڕه‌لاوژێیی ئاغاكانه و ئه‌مێش گۆرانی بێژی خانه. له پڕ ده‌نگی هه‌ڵدا:
ئه‌ی سێوێ عه‌مر‌م سێوێ
بای دێ وبسكان ده‌بزێوێ
ناوێرم كوڵمی ماچكه‌م
هه‌ی له‌به‌ر قه‌تاره‌ی لێوێ.
دڵی چبوه سه‌ر خۆشكی خان،سرت وخورتی ماڵه‌خان په‌ره‌ی سه‌ند و كاكی تاقانه‌ی باوكی بێ باڵ ده‌بوو هه‌ڵێت و خۆی ده‌رباز بكات.شه‌و به خاوخێزان و مڕ و ماڵاته‌وه به‌ره‌و بناری به‌رده‌سوور بۆ لای ماڵی مامه ڕه‌شی به دوڵاودۆڵی شاخ و خه‌ره‌ند و نه‌واڵه‌دا به قوڵه‌پێچكردن و ده‌سته‌كوتێ و هه‌ناسكه‌بڕكێ ڕایانکردبوو. پیاوانی خان له دوویان كه‌وتبوون.شه‌و له كولانجه‌وه چبوونه جسته‌ی ئاژه‌ڵ و قه‌رته‌یان له ماڵات بڕیبوو.بێ سرتە هەموویان نێوەشەو وەبەرخۆدابوو.پیاوه‌كان به‌زه‌ییان به ته‌نیا باڵی باوكی پیریدا هاتبوو.گۆرانی بێژی عاشقی تاوانباریان نه‌كوشت.تاڵانیان كردن.
له پڕ له ناخه‌وه ده‌نگێك چاوی ڕاماوی له سه‌ر شاخی دامێنی ته‌شپه ڕاداشته خوارێ و ئای خانی سه‌گ مه‌زه‌ب چت پێ نه‌كردین!! ئاودیوی سه‌رشیو بوه‌وه!
چووه بن دار هه‌رمێی گوڵاویه گه‌وره‌كه كه پرژ وباڵی به سه‌ر جاڕه گه‌نمەکەدا كێشابوو.بیری هاته‌وه هه‌رمێی كۆڵه‌ێكی پۆخه‌كه‌ی پرژاوی بوو. خۆیی موتۆربه‌ی كرد‌بوو.تێر تماشای شه‌نگی باڵای په‌خش و په‌رێشانی نه‌ده‌بوو.دانه‌واوه چه‌ند ده‌نك هه‌رمێ ناسكه‌ی هه‌ڵوه‌ریوی خسته نێو لپی ده‌ستی و كۆشیشی پڕ كرد له هه‌رمێی كاڵ و وه‌ریو،باڕێزه‌یان كرد‌بوو.كۆیانی كرده‌وه و هه‌ڵیانی گرت له پێش ته‌ره بستراوه‌كه نووشته‌وه،ئه‌وه‌ی زه‌ربی دیبوو یان لاخراپ بوو له گه‌ڵ گه‌یشتووه‌كان به جیا لای برد.نه‌گه‌یشتوو و كاڵه‌كانی ده‌خسته نێو ته‌ره‌كه.ده‌سته زبره پڕ له دڵۆكانی هێنا به سه‌ر هه‌رمێی ناسكه‌كه‌دا گازێکی به‌ئیشتیای دڵ لێگرت و ده‌می به تاكه‌وه‌بووی ماندووی ئاژینی تامی هه‌رمێ گوڵاوی بوو.چاوێكێشی له باڵای شه‌نگی سه‌وزی كۆڕه دار هه‌رمێكی پاڵ مێرگه‌كان كرد.به سووكه پیاسه‌ێك ده‌ستی دایه پشتی.به‌ره‌و بێسان و زه‌رحاته ڕاكشاوه گه‌شاوه به پیته‌كه‌ی هه‌نگاوی هه‌ڵگرت.كالیار وه‌ك كاره‌بای زه‌رد، تەرزە باڵی ڕاكێشاوه.فاته بۆره و گڕكه ڕووش كرچه‌یان دێت. هه‌نگه ژاڵه و ژه‌نگه سووره ویزه و ویڕه‌یان له‌گه‌ڵ تیشكی خۆر تێك هاڵاوه.ده‌چێته ناو كردوه پڕله زه‌رحاته‌كه‌ی،له‌تیسكه باڵی ڕه‌گاژۆبووی هەڵاش دارێژاوی ترۆزی چاوتێر ده‌بێ.شه‌نگه‌بزه ده‌یگرێ و بڕێك پێكوڵ،مه‌له‌وێنچه،تاڵشك،كه‌ڵه و كاڕووش هه‌ڵده‌كێشێ و مه‌ڵۆیان ده‌كا.دەڵێت:بەبە لەم کاریتە ڕاکێشراوە،چەندە پڕ و تەرزە،ئەی بەژن زراوی ڕاکشاوی بن نسێی بڕکەی گەش.بە ئیشتیا کالیارە ڕاکشاوەکانی دەدوێنێ.تووبه‌ره‌كه‌ی له بن دار هه‌رمێكه هه‌ڵده‌گرێ و پڕی ده‌كات له گه‌ڕگه و هاروێ و ترۆزی ئاودار.به سه‌رشانیدا ده‌دات.به سه‌ر كه‌ردوه‌كاندا پێ ده‌گۆزێته‌وه تا بڕكه ڕاژاوه‌كان پێشێل نه‌بن و بەریانەکانیان تێکنەچێت.له سه‌ره به‌سه‌كانه‌وه هه‌نگاو ده‌گۆزێته‌وه.پێێك له زه‌رده دڕكه‌كان ده‌خشێنی،ده‌س ده‌داته بێڵاسنی سه‌ر كه‌ڵكه به‌رده‌كه.ئاسمان و ده‌شت خه‌ریكه ده‌برژێت.تاو هه‌ڵیكوتاوه‌ته سه‌ر مه‌زرا.به لۆیی جامانه چڵكه سووه‌كه‌ی ئاره‌قی زه‌نگۆڵ زه‌نگۆڵی نێوچاوانی ده‌سڕێ.له به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێ:ئه‌ی خودایه برژایین. دیسان تووبه‌ره قورسه‌كه‌ی سه‌رشانی شانه‌وشان پێ ده‌كات و بێڵاسه‌نه‌كه‌شی ده‌ستاوده‌ست ده‌كات و ته‌یارتر خۆی ساوده‌دا بۆ كشانی به ئیسپایی بۆ نسێی دار بییه فێنك و چه‌تراویه‌كه. به هه‌سكه هه‌سك و بێڵ له زه‌وی كوتانی جارجار ده‌گاته سێبه‌ری هه‌ڵپرژاو.تو‌وبه‌ره‌كه داخته ژێر مه‌ڵۆ وێنجه‌ی نزیك شۆڕه بییه فێنكه‌كه.له به‌ر خۆیه‌و ده‌ڵێت:با گڕكه‌كان نه‌ژاكێن و خۆر نه‌یان كوڵێنێ.قۆڵ كه‌واكه‌ی هه‌ڵده‌كات و بێڵاسن له شان به‌ره‌و كانی و هه‌سێره‌كه‌ی له‌وان ده‌كشێت. له پلووسكی بن كانی كه‌نیاوی نێو دار و مێرگه‌ڵان ئاوێك له گرووی ویشك هه‌ڵاتووی ده‌كات و ده‌م چاوێك فێنك ده‌كاته‌وه.بێڵاسن له شان ده‌نێ و به ڕێكه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌دا مل ده‌نێ بۆ چاوانه.
له ناكاو مانگا سوور ده‌بێنێ وێنجه هه‌ڵده‌ماشێ و به‌رغه‌ل سه‌ر له به بن دووی یه‌ك به سه‌كرده‌ی گیسكه‌ڵه‌ێك به‌ره‌و دارچناره‌كان ملیان ناوه. یه‌ك به‌خۆی ده‌نه‌ڕێنێ زایید ! ئه‌حمه‌و ، لوقێ سه‌گدین. ئه‌وه له‌كوێن ! كوره ئه‌م گال و حه‌ویانه هیچیان نه‌هێشت.به خڕكه به‌رد مانگای به‌ر وه‌حه و یه‌توێ دا و مانگا سووریش به ئیشتای دڵ وه‌ك بزانی له ده‌ستی ده‌رده‌چێ له ملی لاوێچێك وینجه‌ی ته‌ڕ و ته‌رچكی نه‌وی و به ورده بازێك له خڕكه به‌رد خۆی لادا و كلكی بۆ هه‌ڵسووڕاند. منداڵۆكه‌ی بزۆز به نركه‌ی ده‌نگی خاڵۆ ئاڵۆزان. ئه‌ی باوه‌كه‌ڕۆیان پێ كه‌وت. له سه‌ر دار تووه پێره به چێژه‌كه به ده‌م و پلی سوور هه‌ڵگه‌ڕاوی گاتوه‌وه فڕكه‌یان كرد. به ڕاكردن و كه‌ڵاو داكه‌وتن و دار ڕاوه‌شاندن بازره‌قه‌یان به‌ست.بێ ورته له تووڕیی خاڵ‌و ده‌ربازبوون و گوێیان پڕ بوو له گیانتان داوه‌شێ،كڕمۆڵ بن،زه‌یانی خورۆ. سه‌گدین و لامه‌زهه‌ب! به‌رغه‌ل خڕكریاوه و ده‌شت دامركایه‌وه. خاڵ‌و دیسان نركاندی وه‌ختی ئاودانیانه، به ده‌مه‌ڵه‌وه‌ڕ ،بێ زیانی كردن و خۆ خڵافاندن و كلكه‌له‌قێ. وریا سه‌ریان بخه‌ن بۆسه‌ر هه‌سێره‌كه.دیسان بێڵاسن له‌شان به ئاوڕدانه‌وه‌ی ئاگراوی ملی كوێره ڕێگه‌ی به‌ره‌و چاوانه گرته به‌ر. له پڕ دیسان بانگی كرد. هۆیی منداڵ ! یه‌كێكتان بچێ ئه‌و كتریانه پڕ بكات، ئاوره‌كه‌بكاته‌وه. دوایی ئاو به‌رغه‌له‌كه مۆڵبده‌ن. نێوه‌ڕۆیه سێبه‌ری شۆڕه بی به‌جم و جۆڵ كه‌وت.منداڵ مێشه‌یان دێت، دێن به‌یه‌كا. زایید و ئه‌حمه‌و گه‌ره‌ترن ،ده‌نگیان زۆتر له‌سه‌ر و تاوانبارترن. گوێره‌كه له‌وه‌ڕێنه‌كان منداڵۆكه‌تر و چاو له پێی ئه‌و دوو دوانه زیانی خورۆن. یه‌كێك پیاڵه له سه‌ركانی دێنه‌ته‌وه. یه‌ك به‌رده‌چایی خاوین ده‌كاته‌وه. یه‌ك كتری دێنێ. خاڵۆ به قولێك پیازی ترچك و خه‌یاره‌و هاته‌وه. باوە و خاڵۆ مانوو نه‌وی له ژێر چاوه‌وه ده‌نگیان دایە یه‌ك. له ترس زیانیه‌كه‌یان ورته‌یان نه‌ده‌هات. كاسه‌ی دۆغرمه كه‌وته مه‌یدان. خاڵۆ به وردی پیازی جنی و خه‌یاری ورد كرد و ماسی كیته‌ڵه‌ی كرده سه‌ر پیاز. هه‌رای كرد ئاده‌ی كوره ئه‌و كه‌وچكه‌داره‌م ده‌ێی. ئه‌شا ئه‌شا عه‌مرتان نه‌مێنێ!زلانە داناڕزن! ئه‌و چاره‌كه بێنن! كاسكان دابنن! دۆغرمه كرایه كاسه‌وه. منداڵ به چاو له‌یه‌ك كردن و لێو كرۆشتن ملیان له خورادن نا خه‌رمه و چڵپه‌ی ماست و ته‌ڕه پیاز و ورتكه‌نان،ماندوویه‌تی و زیانیکردنی له بیر بردنه‌وه. باشه ڕۆڵه خۆ شوكور سیان چوارێكن، به‌لای ناخێریه‌وه. بۆ هۆشتان لێده‌بڕێت له حه‌یوه‌ت زگتان. ئه‌وه نازانن ماڵی خه‌ڵكه ئه‌و گاتوه بۆ ده‌خۆن. ماڵی فه‌قه‌وڵقار ماڵێكی باشن. په‌ڵه‌په‌ڵه سووری گاتوه‌كه به كراسه‌كانمانه‌وه قسه‌ی نه‌هێشتبوه‌وه. منداڵ و ئاژڵ زیانی خورۆ، ته‌وامان كرد،خوا به‌خێری بگێڕیت! له پڕ ده‌نگێك وتی خاڵۆ كاسه‌ێكی دیكه! كه‌وچكێك دۆغرمه ده‌وره‌گه‌ڕ بوه‌وه. كاسه وكه‌وێڵ كۆ كرایه‌وه. خاڵۆ تووبه‌ره‌ی ڕاكێش كرد.ده‌ستی برد فاته‌بۆرەێكی ڕ‌اكێشا و به دەوریدا چەقۆێ تێنا،ده‌توت رێگه‌ی پێچلاوپڵووچی سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌فه‌رداغا ده‌بڕێ گڕكه‌ی له پێست داماڵێ و قاش قاش دایه ده‌سمانه‌وه.شیرینایی كه‌وته دڵ و خاڵۆیش دامركایوه. هه‌ریه‌ك له بن سێبه‌ری خوڵ و هه‌ڵكندراوی دار بییه‌كه له لاپاڵێكه‌وه هه‌ڵاژیان و چاوی ته‌كه‌ڵتوو چوه خه‌و.