🔸گێڕانەوە
کابرایەکی قسەخۆش و گفت و لفت ڕەوان گێڕایەوە و گوتی: لە بەر گاراج بۆ یەک دوو شوێنی ناوشار ماشینی فیاتیان دانابوو بۆ هات و چوو، خۆم کردە نێو فیاتێکدا و لە سەر سەندەڵێکی خاڵی دانیشتم، دوای بڕێک ژنێکی گەڕاوەش هاتە سەر، چاوێکی لە نێو فیاتەکرد، سەندەڵی خاڵی نەبوو، جگە لە پێنج نەفەری و ناوڕێیش بە کەل وپەل داچنرابوو، لە پڕ گەیشتە حاست من ، لامۆڕەیەکی خێساوی سەختی لێمکرد. بە کوتەر کوتەر و بۆڵە بۆڵ، خوا بەزیادی نەکا، خۆی گەیاندە، پێنج نەفەری ، کابرایەکی کەتەی یەختە خۆی بڵاوە کردبوو، لە پڕ ژنە گوتی:" ئەشا باوە بە دەس دێهاتیەوە چ گیرێکمان خواردوە، دونیایان لێ تەنیوین!"
ئەمنێش ڕەشتیەکی زلم بە سەرەوە بستبوو، کاواپانتۆڵی مورادخانی دووگمە پێچم تا بۆق مل توندکردبوو. ئاوڕێکم دایەوە، گوتم" بەخوا ڕاس دەکەی دادە دێهاتی خواردمانی!"
چاوێکی تەوەساوی بە هەیبەتی لێمکرد.گوتی:" یانی بەم سەر و مێقلەتەوە خۆت بە شاری دەزانی؟" گوتم:" ئەرێ بەخوا دادەگیان منیش وەک جەنابتان یەک دوو حەفتەیەکە ماڵم هاتوەتە شارەوە!