📚 گه‌ڕاڵ به‌گ !
🔸به‌شی یه‌كه‌م.
✍️عابید حسه‌ینی
🔸زه‌ڵه زه‌ڵ ناو هۆڵەكه‌ی داگرتبوو. كابرایه‌كی ڕیوه‌ڵه‌ی زه‌رده‌ڵ به ناوچاوێكی ترشاوه‌وه له سه‌ر ئه‌سكه‌ملێك دانیشتبوو. چڵه چڵه ریشی به چناكه و لاجانگییه‌وه تاقمه‌نه جووتیان ده‌كرد. هێڵێكی ته‌نك و بۆر وه‌ك جاحێڵێكی تازه سمێڵی گووگره بوو بێت تەمەنی ئەدرکاند. چاوی بڕیبووه چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له به‌رده‌میدا مۆن و گرژ و بێ كرانه‌وه‌ی لۆچی نێوچاوه نه‌ختاڵه‌كه‌ی له ژێر قژێكی ته‌نكه‌وه سه‌رنجێكی قووڵی به سه‌ر و گوێلاكمدا هاورد. شه‌ڕواڵێكی بۆری ڕه‌نگ بزركاوی داشۆڕیاوم له‌پێدا بوو. كراس داچه‌كاو و قژ لێهاتوو و ڕیشن و چڵكن له عیبه‌ره‌ت ده‌چووم. به نیگای تێژی، چاوه داڵ شێوازه برسیه‌كانی به قیزه‌وه تێمڕۆكرد. وه‌ك برووسكه چاوم به دزیه‌كه‌وه گوازته‌وه بۆ ده‌ركه ئاسنه سارد و ته‌سكه‌كه‌ی نێو هۆده‌كه. دواتر به ترسه‌وه له سه‌ر لپی ده‌ستم به داشۆڕیاوی زنجمكرد. له پڕ به ده‌نگێكی ناسك و قورسكاوی تێمبه‌ربوو. هاشاوڵی به‌گوڕی دەنگە قوروسکاوەکەی گوێی زرینگانمەوە.
گوتی:" تۆ كێشه‌ت چییه؟ چیت ده‌ویست ؟"
هه‌ر به ته‌نگه تاوی و پشووسواری به بینی خنكاوه‌وه له ژێر لچه‌وه گوتم:" دوو سیخ كه‌بابم ده‌وێ." مۆڵه‌ق و بێ ده‌نگ، بێ بزه له چاوه ترساوه‌كانمی ده‌ڕوانی. دڵم وه‌ك چۆله‌كه كه‌وتبوه ته‌په‌ته‌پ . زمانم وشك و مه‌ڵاشووم ره‌ق و تفت به زۆر ته‌ڕایی نێو ده‌مم بۆ قوتدان هاندا. ده‌نگه نه‌زۆكه‌كه دیسان به‌رز بووه‌وه.
گوتی:" ڕاست و ڕێك بڵێ چت ده‌وێست؟"
-ده‌سگیران و شتت هه‌یه !
-نه - نننا نییمه .
-ئه‌ی بۆ جله‌كانت بۆنی عه‌تری خۆشیان لێهاتووه؟
ئاخر هه‌موو شووشه‌ڵه‌كانی نێو جه‌عبه‌كه‌م ڕۆبوون و ورد وخاش بوون . هه‌موان به شه‌قه‌وه تێمبه‌ربوون. هه‌موو شته‌كانم شكان و عه‌تره‌كانم لێژبوونه‌وه.
-بۆنی خۆش !
به‌خوا عه‌ترم ده‌فرۆشت. من عه‌تر فرۆشم !
ئه‌و ڕۆژه له ده‌وور فه‌له‌كه‌كه بووم. له ناكاو هه‌را به‌رزه‌وه بوو . درووشم ده‌باری و كوجی و كۆڵان ئاڵۆزا. حه‌په‌ساو و بێ خه‌به‌ر وێستا بووم .كه‌وتمه نێو چه‌قی خوێندكار و گه‌نجه‌كان. ده‌ره‌تانم لێبڕا. توند جه‌عبه‌ی عه‌تره‌كانم نووساند به خۆمه‌وه و به ده‌م حه‌شامه‌ته‌وه گلۆر بوومه‌وه . پاڵه په‌ستۆ به ده‌م لافاوه‌وه ڕاماڵیاو خۆم گه‌یانده پاڵ دیوارێك. ڕه‌ق خۆم نووساند به دیواره‌كه‌وه. ئاپۆره‌كه ته‌نكی تێكه‌وت. ده‌ستم برد بۆ شووشه عه‌تره‌كانی نێو جه‌عبه‌كه ڕاستیان به‌كه‌مه‌وه. له پڕ شه‌ق و باتۆم داباریه سه‌رمدا . عه‌تر و شیشه بڵاوه‌ی كرد. به لێشاوی شه‌ق و باتۆم خنیمیانه نێو وه‌نێك و گونیه‌یه‌كیان كرده سه‌رمدا و كه‌له‌بچه‌یان كردم. تا توانیان دایانه سه‌ر و گوێلاكمدا. ده‌مم ئاوساو بوو. لچ و شه‌ویلاكه‌م هه‌ڵمسابوون. زمانم به هۆی شكانی ددانمه‌وه ڕووشابوو . تامی خوێنم ده‌كرد و ئه‌وكم گیرابوو. له پڕ كه‌سێك دای له ده‌رگا ئاسنه‌كه. بێ ده‌نگ بووم. ده‌ستی دایه لاپه‌ڕه‌كانی به‌رده‌می و به كرژ له ده‌ركه ده‌رچوو. كلۆمی ده‌ركه‌كه داخرایه‌وه. هیشتێكی به من نه‌وت. هه‌روا بێواز بڕێك به ترسه‌وه ملێكم بۆ لای درگاكه وه‌رسووڕاند. سه‌رم وه‌رگه‌ڕانده‌وه و ملم بۆ نێو لپی ده‌ستم شۆڕكرده‌وه. بێقڕه بڕێك خۆم گرمۆڵه كرد. بیرم له خۆم ده‌كرده‌وه .دوای شه‌ش مانگ ده‌مم كرابوه‌وه و یه‌ك بین ده‌توت په‌نگاوه‌ی وشه له مێشكمدا مڵق ده‌دا بۆ كابرای نیوچه كۆسه ده‌دوام. ساتێك پرسیاره‌كانی دڕێكی له ناكاوی به قسه‌كانم ده‌دا.ئه‌گینا هه‌ر دڵم پێوه بوو یه‌ك بین هه‌موو ئه‌و په‌نگاوه‌ی دڵمی بۆ هه‌ڵبڕێژم. دیسان چاوێكم له بن میچ و ژووری بانگ هێشتنه‌كه‌م كرده‌وه. هۆده‌یه‌كی چوارخشته‌ی ئاڕوخته. ڕه‌نگی زه‌ردشێوازی دیواره‌كه تۆخ تۆخ به‌ری دابوو. جگه له مێزێكی بووچكه‌له و ئه‌و دوو ئه‌سكه‌مله ڕه‌نگ بزركاوه و په‌نجه‌ره‌یه‌كی گچكه‌ی قه‌باره ته‌نگ ، شتێكی دیكه‌ی لێنه‌بوو. په‌نجه‌ره ده‌توت به زۆر ئه‌ویش چه‌پاوه‌ته ئه‌و لاشیپانه. گشت گیانی له ده‌ره‌وه به ئاسنی درێژكۆڵه ته‌لبه‌ند كرابوو‌و. ده‌توت سیخه‌ن بۆ ئازار و هه‌ڕه‌شه له ڕۆحی ئه‌وانه‌ی له په‌نجه‌ره‌كه ده‌ڕوانن داندراون، به‌ره‌و ڕووی شووشه‌كان سێبه‌ری ته‌سكی شووشییان خستبووه سه‌ر شووشه تاره‌كان.